باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ئێران بۆ هاووڵاتییەکانی: بە شێوەیەکی کاتی ئێران جێبهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا داوا لە هاووڵاتییەکانی دەکات "بەشێوەیەکی کاتی" ئێران جێبهێڵن، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران بە سەتان درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
رۆژی یەکشەممە، 14-04-2024، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ئێران لە وێبسایتی خۆی بڵاویکردەوە، "پێشنیاز دەکەین هاووڵاتییە فەرەنسییەکانی ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی ئێران جێبهێڵن و داوایان لێدەکەین ئەوپەڕی خۆپارێزی بەکاربهێنن لەکاتی گەشتکردندا و دوور بن لە کۆبوونەوە قەرەباڵخەکان."
ئەم هۆشدارییەی باڵیۆزخانەکە دوای ئەوە دێت، دەورووبەری کاژێر 11:00ـی شەوی دوێنێ (شەممە) ئێران بە سەتان مووشەکی کرووز و بالیستی و درۆنی ئاراستەی سنووری ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش رایگەیاند ٪99ـی درۆن و مووشەکەکان خراونەتە خوارەوە و تەنیا یەک کچ برینداربووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای دانبەخۆداگرتنی کرد.
ماکرۆن لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە بێ وێنەیە دەکەم کە لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل کراوە و هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکات."
سەرۆکە فەرەنسییەکە هەروەها گوتی، "هاوسۆزی خۆم لەگەڵ گەلی ئیسرائیل و پابەندبوونی فەرەنسا بە ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە دەردەبڕم. فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشەکانی کار لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان دەکات و داوای دانبەخۆداگرتن دەکات."
هێرشەکەی ئێران دوای ئەوە هات کە رۆژی 01-04-2024، کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و تێیدا دوو فەرماندەی پاسداران و پێنج راوێژکاری سەربازیی ئێرانی کوژران.
بەرپرسانی باڵای ئێران و سووپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لە ئیسرائیل کرد، هەرچەندە ئیسرائیل هێرشەکەی پشتڕاستنەکردەوە و رەتیشی نەکردەوە.
دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە) رایگەیاند ستراتیژیی بەرپەرچدانەوەیان "زۆر سەرکەوتوو بووە". لەو زنجیرە هێرشەدا، "ئێران 170 درۆن، 30 مووشەکی کرووز و 120 مووشەکی بالیستی" ئاراستە کردوون.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت ژمارەیەکی کەمی ئەو مووشەک و درۆنانە گەیشتوونەتە نێو خاکی ئیسرائیل، هێرشەکە "زیانێکی کەمی بە بنکەیەکی ئاسمانی گەیاندووە."
لە واشنتن، دوای سەرپەرشتیکردنی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵای ئەمنی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هاوکاریی ئیسرائیلی کردووە "بە نزیکەی، سەرجەم درۆن و مووشەکەکانی ئێران ئاراستە کردوون، تێکبشکێنێت".
بایدن بەڵێنیشی دا؛ لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانی قسە دەکات و کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی داڕشتنی پلانێکی تۆکمە و یەکگرتوو بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران.
لەلایەکی دیکە، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "پشتڕاستی دەکەمەوە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێمە بەشێک لە درۆنە ئێرانییەکانیان خستە خوارەوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشی درۆنی و مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائل دەکات.
کۆبوونەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە داواکراوە و دەڵێت، "هێرشەکە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی."