رووداو دیجیتاڵ
بودجەی خەملێنراوی پارێزگای ورمێ بۆ ساڵی داهاتوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگاکە تاوتوێکرا، کە کەمترە لە 100 ملیۆن دۆلار. بەراورد بە پار، بودجەی پارێزگاکە زیادیکردووە.
حوسێن سپێهری، بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگای ورمێ باس لە بودجەی ئەمساڵ بەراورد بە پار دەکات و دەڵێت، "بۆ ساڵی داهاتوو ئەو بڕە پارەیە کە بۆ پارێزگا تەرخانکراوە لە پرۆژەیاسای بودجەدا، 8 تریلیۆن و 780 ملیار تمەنە. بەراورد بە ساڵی 1400ـی هەتاوی، بودجەکە نزیکەی 38٪ زیادیکردووە. بڕی یەک تریلیۆن تمەنیش بۆ کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگاکە تەرخانکراوە. لە بەشی خەرجییەکانیشدا، بودجەی پارێزگاکە گەیشتووەتە دوو هەزار و 500 ملیار تمەن. واتە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە بڕەکەی تریلیۆنێک و 870 ملیار تمەن بووە، 33٪ زیادیکردووە."
بەرپرسانی ورمێ دەڵێن ئەو بڕە بودجەیەی تەرخانکراوە کەمە و بەشی پرۆژەکانی ئەو پارێزگایە ناکات، بۆیەش بەنیازن رۆڵێکی زیاتر بدەنە کەرتی تایبەت.
حوسێن سپێهری، بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگای ورمێ باس لەوە دەکات، "بەپێی مادەی 20ـی بەرنامەی هەفتەمی گەشەپێدان، دامودەزگەکانی پارێزگا راسپێردراون، ژمارەیەک لەو پرۆژانەی کە دەکرێت بدرێنە دەستی کەرتی تایبەت، بدرێنە ئەو کەرتە، بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو پرۆژانە یەکلاببنەوە. هەروەها بەمە قورسایی سەر بودجەی وڵاتیش کەمتر دەبێت."
پارێزگای ورمێ چەندین دەروازەی سنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و هەرێمی نەخجیڤانی سەر بە کۆماری ئازەبایجان هەیە. بەرپرسانی پارێزگاکە دەیانەوێت بە راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان، دۆخی ئابووریی پارێزگاکە باشتر بکەن
رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ لەبارەی فراوانکردنی چالاکییە بازرگانییەکان ئاماژە بەوە دەکات، "باسی وەبەرهێنان و فراوانکردنی چالاکییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان کردووە بە پێشینە، بۆیە دەرفەتی باشیش دەبینین چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە دراوسێکانی دیکە وەک تورکیا و نەخجیڤان. بۆ ئەم سنوورە هاوبەشانە، ئێمە هەندێک توانامان هەیە و هاوڕێیانیش هەندێک توانایان هەیە، وەبەرهێنەری هاوبەشمان هەیە، هەندێک چالاکی هەن کە دەتوانن تەواوکەری یەکدی بن."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای ورمێ زیاتر لە 3.5 ملیۆن کەسە و زیاتر لە 4٪ـی دانیشتووانی هەموو ئێران پێکدەهێنێت. هەروەها رووبەڕی پارێزگاکە 2.3٪ـی رووبەری هەموو ئێرانە، بەڵام پشکی لە کۆی بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی ئێران زۆر کەمە و تەنیا 1.9٪ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ