ئێران لەبارەی 'پوول'ەکە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بانگهێشت دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی ئەو پوولەی نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بانگ دەکرێت. نازم دەباغ دەڵێت "وەڵامدانەوەی ئێرانییەکانم پێ دۆستانە بوو".
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر بابەتی پوولەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بانگکراوە و دەڵێت "لەلایەن بەرپرسی دۆسیەی عێراق قسەمان لەگەڵ کرا. دەتوانم بڵێم زۆر بە رێزەوە بانگهێشتیان کردین و پرسیاریان لێکردین؛ داوای روونکردنەوەیان کرد. گوتیان: نامانەوێت زۆر قسە لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، بەڵام ئەوە لە سوودی سیاسەتی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، هەروەها دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاکی ئێران، بۆیە پێمان خۆشە روونکردنەوە بدەن".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کورستان لە تاران باسی لەوە کرد، لە روونکردنەوەکەیدا بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیاندووە "ئەوەی کراوە کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو گرووپێکی هونەرمەند بۆ دەربڕینی هەست و بۆچوونی خۆیان هەستاون بەو کارە، ئەو شتەیان پێشنیازکردووە بۆ وەزارەتێکی تایبەت. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەی رەتکردووەتەوە کە پرۆژەی حکومەت بێت، بەڵکو ئەوە پێشنیازێک بووە لەلایەن چەند کەسێکەوە لە وەزارەتێک. حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردووەتەوە کە پابەندە بە دەستووری عێراق بە رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ".
لەبارەی وەڵامی بەرپرسانی ئێران بۆ وەڵامەکەیان، نازم دەباغ ئاماژەی بەوە کرد "وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونکردنەوەکەی ئێمەی قبووڵکرد، بەڵام گوتیشیان پەیام بە عێراق دەدەین. ئەوەبوو گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لەڕێگەی راگەیاندنەکانەوە باسی لەوە کرد".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ئەوەی خستەڕوو "پەیوەندییەکان ئاسایین، بەڵام گلەیی و گازندە لە هەندێک کاتدا دەکرێت؛ ئەوەش کاتێک رووداوێک روودەدات یان هەڵوێستێک دروستدەبێت".
رۆژی 07-03-2021 و لەکاتی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شەش پوولی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبەردەم پاپای ڤاتیکان نمایشکران، یەکێک لە پوولەکان وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەربوو. ئەوەش کاردانەوەی تورکیا و ئێرانی بەدوادا هات.