رووداو دیجیتاڵ
حوسێن دێهقان تاوەکو ئێستا تەنیا کەسایەتییەکی سەربازییە کە بە فەرمی رایگەیاندووە لە هەڵبژاردنی خولی داهاتووی هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆماریی ئێراندا بەشداریی دەکات. ئەو راوێژکاری سەربازیی رێبەری ئێران و وەزیری پێشووی بەرگرییە.
سەعید محەممەدیش هەفتەی رابردوو لە مەشهەد بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەربژێربوونی خۆی راگەیاند. ئەو فەرماندەی قەرارگای خاتەم ئەنبیا، لقی ئابووریی سوپای پاسداران بوو.
نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کە ریزی فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن درێژتریشە. عەلی شەمخانی، موحسین رەزایی، محەممەد باقر قاڵیباف و رۆستەم قاسمی جارێ ناودارترینیانن.
ئەوەی کە ئێستا جێگەی باسوخواسە، ئەوەیە کە بەشداریی کەسایەتییە سەربازییەکان یاساییە یا نا، غوڵام عەلی کەدخودایی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ئەمڕۆیدا گوتی: لەڕووی یاساییەوە رێگرییەک بۆ ئەو کەسانە نییە کە ئەزموونی سەربازییان هەیە، بەڵام گوتیشی دەستێوەردانی هێزە سەربازییەکان بە واتای لایەنگری سیاسی لە هەڵبژاردن، قەدەخەیە.
بابەتی نایاساییبوونی کەسایەتییە سەربازییەکان لە هەڵبژاردندا زیاتر ریفرۆمخوازان دەیوروژێنن. بۆ ئەمەش پشت بەم هەڵوێستەی رێبەری پێشووی ئێران دەبەستن.
ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری پێشووی ئێران دەڵێت، "هەڵبژاردن لە شوێنی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، چ پەیوەندییەکی بە سوپاوە هەیە کە ناکۆکی بکەوێتە نێوانیان، ئەمە بۆ سوپای پاسداران و سوپا رێپێدراو نییە."
لایەنگرانی کەسایەتییە سەربازییەکان دەڵێن، مەبەستی ئایەتوڵڵا خومەینی ئەوە بووە کە هێزە سەربازییەکان لە باڵ باڵێنە سیاسییەکاندا دەستێوەردان نەکەن، نەک بەشداریی لە هەڵبژاردن. ئەوان دەڵێن، باشترین کەس بۆ دەربازکردنی وڵات لەم بارودۆخە ناسک و مەترسیدارەش، کەسێکی سەربازییە. هەڵبەت سەربازییەکان خۆیان بەستراوە بەهیچ باڵێکی سیاسی نازانن.
حوسێن دێهقان، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران باس لەوە دەکات، "من بێگومان سەر بە هیچ باڵێک نیم، ئەوەی کە ریفرۆمخواز و نەریتخوازی پێدەگوترێ، لە ئاستی نیشتمانیدا دەتوانم کەشێکی یەکگرتوویی، لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ و لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش کەشێکی لەڕووی بەهێزی و شانازییەوە بڕەخسێنم."
بەڵام دژبەران بەجۆرێکی دیکە بیر دەکەنەوە، مەحموود سادقی، کەسایەتیی ریفۆرمخوازی ئێران دەڵێت، "بە قازانجی وڵات نییە، وەکو وڵاتێک لە قەڵەم دەدرێت کە کودەتای تێدا کراوە. بیروڕای گشتی ئەمە قبووڵ ناکات".
ساوندبایت مەسعود پزیشکیان، پەرلەمانتارێکی ریفۆرمخوازە و باس لەوە دەکات، شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی سەربازی لەگەڵ شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سیستەمە ئیدارییەکاندا لەڕووی زانستییەوە زۆر جیاوازن، "ئەمەیە کە کێشە دروست دەکات، بە هزری سەربازییەوە ناتوانرێت سیستەمی ئیداری بەڕێوەببرێت".
زۆر کەس پێیان وایە زەقکردنەوەی پاڵێوراوی سەربازی و ناسەربازی بۆ گەرمکردنی تەنووری هەڵبژاردنەکانە، هەروەها هەوڵێکی ریفۆمخوازانە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان رابکێشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ