رووداو دیجیتاڵ
ئێران دەڵێت، دوو کەس لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژران کە نیازی خۆتەقاندنەوەیان هەبوو.
رۆژی یەکشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2024، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری بەرپرسانی ئاسایشی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، دوو کەس کە نیازی تەقینەوەی خۆکوژییان لە شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هەبوو، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژران.
کوژرانی ئەو دوو "تیرۆریستە" وەک میدیای ئێران باسی دەکات، لەکاتێکدایە، چوارشەممەی رابردوو، پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بڵاویکردەوە، لە هێرشێکدا بۆسەر بنکەیەکی پۆلیس بەرپرسێکی ئەو بنکەیە کوژرا. دواتر سوپای جەیشول عەدل کە گرووپێکی چەکداری سووننەیە و ساڵی 2012 دامەزراوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند.
رۆژی 6ی ئەم مانگەش دوو تەقینەوە لە کرمان روویاندا و لە ئەنجامدا لانیکەم 90 کەس کوژران، ئەوە لە سێیەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو. دواتریش، داعش بەرپرسیاریێتی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند.
سەراوان کەوتووەتە سنووری پاکستان و ناوچەیەکە کە زۆر جار رووبەڕووبوونەوەی چەکداری سووننە و هێزەکانی ئاسایشی ئێران روودەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ