ئیبراهیم رەئیسی: چین هەڵوێستەکانی لەبارەی ئێران قەرەبوو بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران رەخنە لە هەڵوێستەکانی سەرۆکی چین بەرامبەر وڵاتەکەی دەگرێت و داوا دەکات پەکین قەرەبووی ئەو هەڵوێستانەی بکاتەوە.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ سێشەممە 13-12-2022، لە تاران لەگەڵ هوو چوون هوا، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین کۆبووەوە کە بۆ واژۆکردنی چەند رێککەوتنێک لە بواری ئابووری و بازرگانی سەردانی تارانی کردووە.
 
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا رەئیسی بە جێگری سەرۆکوەزیرانی چینی راگەیاندووە، "خەڵک و حکومەتی ئێران لە هەڵوێستەکانی سەردانی ئەمدواییەی سەرۆکی چین بۆ ناوچەکە دڵگرانن و گلەییان لێی هەیە." سەرۆککۆماری ئێران هەروەها دەڵێت، داواکاریی جیدی ئێران ئەوەیە، چین قەرەبووی ئەو هەڵوێستانەی بکاتەوە. 
 
بەپێی هەواڵی ئیرنا، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین بە سەرۆککۆماری ئێرانی گوتووە، "وڵاتەکەی رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەگرێت و پشتگیریی لە هەوڵەکانی تاران بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی دەکات."
 
رۆژی هەینی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی شی جین پینگ، سەرۆکی چین و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە ریاز هەردوو وڵات راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: پەرە بە هاوکارییە هاوبەشەکانیان دەدەن بۆ گەرەنتی کردنی ئاشتیانەبوونی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. هەروەها سعودیە و چین داوایان لە ئێران کرد، هاوکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات و پابەندی بنەمای "دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدان" لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە بێت.