بەرپرسانی ئێران لەدوای سەرکەوتنی ترەمپ دەڵێن، لەگەڵ ئەمریکا ئامادەی دانووستانن
رووداو دیجیتاڵ
دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، نەرمی زۆر بە هەڵوێستی بەرپرسانی ئێرانەوە دیارە. وەزیری دەرەوە ئامادەی وڵاتەکەی بۆ دانووستان لەگەڵ ئەمریکا و "رۆژئاواییەکان" دەربڕیوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە: "لەبارەی پرسی ئەتۆمی، هەمیشە پێمان باش بووە دانوستاندن بکەین. هیچ کات مێزی دانوستاندنمان جێ نەهێشتووە و ئەوە رۆژئاواییەکان بوون کە پابەندییەکانیان جێبەجێ نەکرد و ئەمریکا بوو لە رێککەوتن چووە دەرەوە، بۆیە ئەگەر سەرپێچی و پێشێلکارییەک کرابێ، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپییەوە بووە. ئێمە ئامادەی دانوستاندنین و ئامادە دەبین ئەگەر بەرژەوەندییەکانمان دابین بکرێن."
ئەوە لە کاتێکدایە، هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئەمریکا هەڵپەساردووە.
ئیسماعیل بەقایی- گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە دیاریکراوی لەسەر بابەتی ئەتۆمی بوو. هەفتەی پێشوو رامگەیاند، بەهۆی رووداوەکانی چەند هەفتەی رابردوو، بە کردەوە هەڵمانپەساردووە."
لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دۆخەکە گۆڕاوە و ئێستا بەرپرسانی ئێران شتی جیاوازتر دەڵێن.
عەباس موقتەدایی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی ترەمپ دەڵێت، "دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادایە، بەڵام جارێ بەرژەوەندی ئێمە لەوەدایە دانوستاندنەکان ناڕاستەوخۆ بن."
ترسی ئێران لە دەستپێکردنەوەی کەمپینی ئەوپەڕی گوشاری دارایی ئەمریکا دژ بەو وڵاتە و هەڵوێستە تووندەکانی ترەمپ و بەرپرسانی کابینەکەی و ئەگەری ئاوەڵاکردنی دەستی ئیسرائیل، هاندەر بووە بۆ ئەوەی زمانی تاران بەرامبەر واشنتن بگۆڕێت، بەڵام جارێ دیار نییە ئەو گۆڕانکارییە دەگاتە رێککەوتنی سەر کاخەز یان نا.