هەزار بەندکراوی ئەفغانستانی لە ئێرانەوە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دادی ئێران دەڵێت، لە دوو مانگی داهاتوودا 1000 بەندکراوی ئەفغانستانی دەگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی دووەم عەسکەر جەلالیان، جێگری وەزیری دادی ئێران رایگەیاند، "رێککەوتننامەی گواستنەوەی بەندکراوان لە ساڵی 2006 واژۆ کراوە و دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان پابەندن بەم رێککەوتنە فەرمییەوە. ئەمڕۆ سەردانی کابوول دەکەم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گواستنەوەی بەندکراوانی ئەفغانستانی لە تارانەوە و گواستنەوەی زیندانیانی ئێرانی لە ئەفغانستانەوە."
 
جێگری وەزیری دادی ئێران گوتیشی، "پلانمان هەیە لە دوو مانگی داهاتوودا 1000 بەندکراوی ئەفغانستانی بگەڕێنینەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان بۆئەوەی بتوانن سزاکانیان لە وڵاتەکەی خۆیاندا بەسەرببەن و تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەم بابەتەدا لەسەر بنەما و رێساکانی مافی مرۆڤە، چونکە ئەگەر ئەم تاوانبارانە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و بەردەوام بن لە تێپەڕاندنی سزاکەیان لە وڵاتی خۆیان، ئەگەری دووبارەنەکردنەوی تاوانەکەیان زۆرترە و دەتوانرێت لە چاکسازییەکاندا بمێننەوە."
 
زۆربەی ئەو زیندانیانە، بە گوتیە عەسکەر جەلالیان، بە تاوانی مادەی هۆشبەر سزا دراون و بەشێکیشیان تاوانیان ئەنجامداوە کە لایەنی تایبەتی تاوانەکە یەکلایی بووەتەوە.
 
جێگری وەزیری دادی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، گواستنەوەی هەر بەندکراوێک بە رەزامەندیی خۆی ئەنجام دەدرێت و ئەگەر بەندکراوەکە رازی نەبێت، ناگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا ئەو سزادراوانە دەگوازرێنەوە کە سزاکەیان بەندکردنە.
 
جەلالیان ئەوەیشی خستەڕوو، ژمارەی بەندکراوانی ئێرانی لە ئەفغانستان کەمترە لە 10 کەس، "ئێمەش هەوڵ دەدەین لەسەر بنەمای رێککەوتنەکە بیانگوازینەوە بۆ ئێران."
 
سزای لەسێدارەدان لە ئێران بەسەر هاووڵاتییانی ئەفغانستاندا جێبەجێ دەکرێت، زۆربەیان بە تاوانی مادەی هۆشبەر ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێت.
 
زیاتر لە 7 ملیۆن ئەفغانستانی لە ئێرانن و نزیکەی 2.7 ملیۆنیان مۆڵەتی مانەوەیان هەیە. حکومەتی ئێران پلانی بە زۆر گەڕانەوەی بێ مۆڵەتەکانی هەیە.
 
ئەفغانستانییەکان زۆرترین ئەزموونی پەناخوازییان لە ئێراندا هەیە. ناسەقامگیری سیاسی، رەوشی نالەباری ئەمنی، بێکاری و هەژاری پاڵنەری سەرەکی کۆچی ئەفغانستانییەکانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە