کەمپەینی چالاکڤانانی بەلووچ: لە هەفتەیەکدا 12 هاونیشتمانی بەلووچ لە گرتووخانەکان لە سێدارە دراون

13-11-2022
هیدایەت جان
عەبدوڵڵا عارف، سەرۆکی کەمپەینی چالاکڤانانی بەلووچ
عەبدوڵڵا عارف، سەرۆکی کەمپەینی چالاکڤانانی بەلووچ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کەمپەینی چالاکڤانانی بەلووچ ئاماری گیانلەدەستدانی خۆپێشاندەران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران رادەگەیێنێت و دەڵێ، "119 خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکان کوژراون." هەروەها دەشڵێت: "خۆپێشاندەرانی بەلووچ بە زمانی کوردی درووشم دەڵێنەوە کە ئەوە پەیامی یەکگرتوویی و سوپاسکردنی کوردستانە." 
 
"خۆپێشاندانەکانی بەلووچستان هەنگاوێکی نوێ دەبڕێت" 
 
رۆژی یەکشەممە 13-11-2022، عەبدوڵڵا عارف، سەرۆکی کەمپەینی چالاکڤانانی بەلووچ میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "لە بەلووچستان خۆپێشاندانەکان زیاتر لەدوای بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی دەستپێدەکات، رۆژی 30ی سێپتەمبەر دوای نوێژی هەینی لە زاهیدان خەڵک دەستیانکرد بە خۆپێشاندان، بەڵام زیاتر لە 108 خۆپێشاندەر کوژران." 
 
عەبدوڵڵا عارف ئاماژەی بەوە دا، دوای رووداوەکەی 30ی سێپتەمبەر، هەموو هەینییەک لە شارە جیاجیاکانی بەلووچستان ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەدەچن و هەینی رابردوو بینیمان خۆپێشاندانەکان یەکجار بەربڵاوبوون لەو پارێزگایە، هەر لە زاهیدانەوە بگرە تا خاش، سەراوان، ئێرانشار، راسک و جابهار بوونە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی.
 
سەرۆکی کەمپەینی چالاکڤانانی بەلووچ دەڵێت: "تادێت یەکگرتوویی خەڵک لە بەلووچستان زیاتر دەبێت و لە داهاتوودا شایەتی فرەچەشنی ناڕەزایەتییەکان دەبین، واتا جیا لە رۆژی هەینی لە رۆژەکانی دیکەش چالاکی و ناڕەزایەتی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن." 
 
"مامەڵەی حکومەت لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەلووچ جیاوازە"
 
لە چەند رۆژی رابردوودا رێکخراوە مرۆییەکان و رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکانیاندا هۆشدارییان لە دۆخی سیستان و بەلووچستاندا و داوایانکرد، بەخێرایی گوشار بخرێتە سەر حکومەتی ئێران بۆ ئەوەی دەست لە کوشتنی خۆپێشاندەرانی بەلووچ هەڵبگرێت؛ عەبدوڵڵا عارف دەڵێت، "لە سیستان و بەلووچستان حکومەت راستەوخۆ تەقە لە خۆپێشاندەران دەکات، بەڵام لە شارە گەورەکانی ئێران، زۆر بە کەمی ساچمەش بەکاردەهێنێت." 
 
"کورد بەلووچی لە دۆخە دژوارەکە تەنیا نەهێشتەوە"
 
بەگوتەی عەبدوڵڵا عارف: "لەو خۆپێشاندانانە هاووڵاتییانی بەلووچ بە زمانی کوردی درووشم دەڵێنەوە کە ئەوە پەیامی یەکگرتوویی و سوپاسکردنی کوردستانە، هاوکات کوردستانیش یەکگرتوویی خۆی لەگەڵ خەڵکی بەلووچ راگەیاندبوو." 
 
سەرۆکی کەمپەینی چالاکڤانانی بەلووچ گوتیشی: "کورد رۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبوو لە بەلووچستان، هەربۆیە بەلووچەکان سوپاسگوزارییەکی تایبەتیان بۆ کورد هەیە کە لەو دۆخە دژوار و قورسەدا لەگەڵیان بوون." 
 
"119 خۆپێشاندەری بەلووچ کوژراون"
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست کەمپەینی بەلووچ کەوتووە، تائێستا لانیکەم 119 کەس لە خۆپێشاندانەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوژراون، عەبدوڵڵا عارف دەڵێت: "11 لەو کوژراوانە منداڵن." 
 
سەبارەت بە ژمارەی بریندارەکانیش، عەبدوڵڵا عارف گوتی: "تەنیا لە یەک رۆژدا لە زاهیدان 350 کەس بریندار بوون و بەگشتی ئامارێکی راست و دروست لەبارەی برینداران بەردەست نییە، لەبارەی ژمارەی گیراوانیش ئامارێکی راست نییە." 
 
سەرۆکی کەمپەینی چالاکڤانانی بەلووچ گوتیشی: "زۆر لە گەنجانی بەلووچ لەسەر شەقامەکان و بەبێ ئەوەی تەنانەت بەشداریی خۆپێشاندانیشیان کردبێت، دەستگیر دەکرێن؛ هەر دوێنێ منداڵێکی 14 ساڵان بەناوی سوهەیل باڕوویی لەناو بازاڕ بەبێ ئەوەی ئەو رۆژە هیچ خۆپێشاندانێک بووبێت گیراوە، بەشێوەی هەڕەمەکی و بەبێ هیچ فەرمانێکی دادگە هەرکەسێک لەسەر شەقام دەبینن، دەیگرن." 
 
"لە سێدارەدانی گەنجانی زاهیدان رووی لە هەڵکشانە"
 
عەبدوڵڵا عارف لەبارەی دۆخی گیراوەکانی بەلووچ رایدەگەیێنێت: "دۆخی زیندانەکان زۆر خراپە و ئەمڕۆ هەواڵمان پێگەیشتووە کە بارودۆخی ناو زیندانەکانی زاهیدان مەترسیدارە و پڕبووە لە خەڵک و نەخۆشی لەناو زیندانەکاندا بڵاوبووەتەوە." 
 
سەرۆکی کەمپینی چالاکڤانانی بەلووچ دەڵێ: "لەسێدارەدان لەناو زیندانی زاهیدان بەخێرایی رووی لە هەڵکشان کردووە و لەماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ 12 هاونیشتمانی بەلووچ لە زیندانی زاهیدان لەسێدارەدراون بەبێ ئەوەی پارێزەر یان ماڵباتەکانیان ئاگادار بکرێنەوە و تەنیا تەلەفۆنیان بۆ خێزانەکانیان کردووە و گوتوویانە وەرن تەرمەکان وەربگرنەوە و داوایان کردووە پارەی پەتی سێدارەکەش لەگەڵ خۆیان ببەن و بیدەنە حکومەت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە