هەڵاوسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رێژەی 48.8٪ بەرزبووەتەوە

13-11-2022
عومەر ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران کە مانگی رابردوو بڵاوکرایەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رێژەی هەڵاوسان لە ساڵێکدا 48.6٪ بووە؛ ئەوەش بەو مانایەیە کە خێزانەکان لە یەک ساڵی رابردوودا بۆ کڕینی پێداویستی و خۆراک بە رێژەی 48.6٪ پارەی زیاتریان خەرجکردووە.
 
بەپێی ئامارەکە، زیاترین بەرزبوونەوەی نرخ لە 12 مانگی رابردوودا نرخی رۆن بووە کە لەو ماوەیەدا بە رێژەی 289٪ بەرزبووەتەوە، واتە نرخی رۆن 4 ‌بەرامبەری ساڵێک لەمەوبەر بەرزبووەتەوە.
 
لە دوای رۆن، نرخی برنجی بەرهەمی نێوخۆ زیاترین بەرزبوونەوەی هەبووە و لە ماوەی یەک ساڵدا بە رێژەی 138٪ بەرزبووەتەوە. نرخی برنجی بیانیش بە رێژەی 51٪ بەرزبووەتەوە.
 
گۆشتی مریشکیش یەکێکی دیکە لە خۆراکەکانە کە زۆر بەرزبووەتەوە بە جۆرێک لەو ماوەیەدا بە رێژەی 121٪ بەرزبووەتەوە. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە نرخی گۆشتی سوور لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا تەنیا بە رێژەی 32٪ بەرزبووەتەوە.
 
نرخی گۆشتی سوور هێندە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرزە کە بەپێی شارەزایانی ئابووری، لە سفرەی خێزانەکان کەم دەبیندرێت و لەبەر ئەوەش خواست لەسەری کەمبووەتەوە. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخەکەی وەک نرخی خۆراکەکانی دیکە بەرز نەبێتەوە.
 
هەروەها نرخی چاییش هاوشێوەی خواردنەکان بەرزنەبووەتەوە؛ نرخی چایی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بە رێژەی 28.9٪ بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، نەهێشتنی پاڵپشتییەکانی حکومەت بۆ دراوی بیانی و هەروەها شەڕی ئۆکراینا بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
 
حکومەتی ئێران بۆ ئەو کۆمپانیانەی کە خۆراک و پیداویستییەکانی خەڵک دابین دەکەن، پێشتر بە نرخی پاڵپشتیکراو دۆلاری پێیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا ئەو پاڵپشتییانە بۆ کۆمپانیاکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە نەماوە؛ ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نرخی خۆراک و بەشێک لە پێداویستییەکانی دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە