جووتیاران و خەڵکی ئیسفەهان داوای گەڕاندنەوەی ئاو بۆ زایەندەڕوود دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئیسفەهانییەکان گوشاریان خستووەتەسەر حکومەتی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی ئاو بۆ رووباری زایەندەڕوود. ئاوی ئەو ئەو رووبارە لە چیاکانی زاگرۆس و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و چەند ساڵە وشکبووە. جووتیاران و خەڵکی ئیسفەهان 5 رۆژە گرددەبنەوە و داوا دەکەن ئاو بگەڕێندرێتەوە بۆ نێو رووبارەکە. وەزیری وزەی ئێران بەڵێنیداوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
سەرۆککۆماری ئێرانیش ناوەندی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی راسپارد، کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بکات.
جووتیارانی خەڵکی ئیسفەهان بۆ پێنجەمین رۆژ لە رۆخی وشکبووی رووباری زایەندەڕوود کۆبوونەتەوە، کە رۆژگارێک سەرچاوەی ژیان و ئاوەدانی بوو. وشکبوونی ئەو رووبارە خەمی سەرەکیی جووتیارانە، بەڵام ئێستا خەڵکی ئەسفەهانیش بۆ پشتگیری لە جووتیاران خەمخۆری ئەم رووبارەن، ئەوان دەڵێن تاوەکو ئاو بۆ رووبارەکە نەگەڕێتەوە، دەستهەڵناگرن.
دانیشتوویەکی ئیسفەهان کە یەکێکە لە مانگرتووەکان دەڵێت، "ئیتر شتێکمان نییە لە دەستی بدەین، لێرە دادەنیشین تاوەکو مافی خۆمان لە ئاو وەردەگرین، جا ئێستا بێت یان ساڵێکی دیکە، یان هەر کاتێکی دیکە بێت، مافی ئاوی خۆمان بەدەستدەهێنین. ئەم مافە 400 ساڵ لەمەوبەر باپیرانمان بۆیان جێهێشتووین، مافەکەمان پێبدەن، ئێمەش بە نەوەکانی داهاتووی دەدەین."
رووباری زایەندەڕوود لە چیاکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام گواستنەوەی ئاوی ئەو رووبارە بۆ ناوچە ناوەندییەکانی ئێران، بەکارهێنانی ئاو بۆ پیشەسازیی و کارگەکان، هەڵکۆڵینی بیری ئاو و بەکارهێنانی زۆری ئاو بۆ کشتوکاڵ بوونەتە هۆی ئەوەی رووبارەکە وشک بکات. ئەمەش کشتوکاڵی خەڵکی لەنێوبردووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر شاری گەشتیاریی ئیسفەهان داناوە. ساڵانێکە جووتیارانی ئیسفەهان بەو رەوشە ناڕازین، بەڵام کێشەکەیان چارەسەر نەبووە.
دانیشتوویەکی دیکەی شارەکەش باس لەوە دەکات کە هۆکاری کۆبوونەوەی ئەو جووتیارانە بۆ وەرگرتنی مافی خۆیانە لە ئاو. 75٪ـی ئاوی زایەندەڕوود مافی ئەو جووتیارانەیە و هەروەها بۆ خواردنەوەشە لە ئیسفەهان، بەڵام وشکیان کردووە و تەنانەت یەک دڵۆپ ئاویان بۆ خواردنەوەش نییە. دەڵێت، "هەموو بێکاربوون. هەموو بیناکانی ئیسفەهان و زەوی کشتوکاڵی خەریکە رۆدەچن."
عەلی ئەکبەر مێحرابیان، وەزیری وزەی ئێران رۆژی هەینی چوو نێو ئەو خەڵکە ناڕازییە و بەڵێنیدا کێشەکانیان چارەسەر دەکەن. ئەو داوای لە خەڵک کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، متمانەی پێبکەن، بەڵام بە درێژەکێشانی ناڕەزایەتییەکان، وادیارە متمانەیان نەکردووە.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو وەک هۆکارەکانی کێشەی کەمئاوی لە ئێران دێتە ئەژمار. نەبوونی ئاو ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە. هاوینی ئەمساڵ لانیکەم لە 10 پارێزگای ئێراندا ناڕەزایەتی روویدا، بەڵام ناوەندەکەی لە پارێزگای خوزستان بوو، کە بە زەبری هێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرکوت کرا.
سەرۆککۆماری ئێران ناوەندی توێژینە ستراتژییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەرکدار کردووە لیکۆڵینەوەیەکی زانستی بۆ زیندووکردنەوەی رووباری زایەندەڕوود بکات، سەرۆکی ئەو ناوەندە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی لە هەموو ئێراندا بە کاری لەپێشینەی حکومەت لە قەڵەمداوە.