وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بە یاوەریی شاندێکی باڵا سەردانی بەغدا دەکات و سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 13-10-2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە درێژەی سەردانەکانیدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە، دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە.
 
ئیسماعیل بەقایی گوتی، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارەکانیاندا پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە و گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ بکات.
 
چەند هەفتەیەکە گرژییەکانی ناوچەکە زیادیان کردووە. 27ـی ئەیلوول، ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد کە بووە هۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و عەباس نیلفرووشان، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان لە سوپای پاسداران.
 
ئێرانیش لە 1ـی تشرینی یەکەم بە نزیکەی 180 مووشەک، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، کاردانەوەی "زۆر تووندتر" دەبێت.