لە ئێران هێرشکرایە سەر مەزارگەیەک؛ لانیکەم کەسێک کوژرا

13-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری شیرازی ئێران هێرشکرایە سەر مەزارگەیەک و بە پێی بەرپرسانی ئەو ولاتە، لە هێرشەکەدا کەسێک کوژراوە و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، هێرشەکە "تیرۆریستییە و دەبێ ئەنجامدەرانی هێرشەکە بە تووندی سزا بدرێن."
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 13-08-2023 لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی ئێران، کەسێکی چەکدار هێرشیکردە سەر مەزارگەی شاهچراغ و تەقەی لە کارمەندان و زیارەتکارانی ناو مەزارگەکە کردووە و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و 8 کەسیش بریندار بوون.
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، چەکدارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لە ژێر چاودێریەکی چڕی هێزە ئەمنییەکانەوە گوازراوەتە نەخۆشخانە.
 
سەردار یەدوڵڵا بوعەلی، فەرماندەی سوپای فەجری پارێزگای فارس کوژرانی کەسێکی لە هێرشەکەدا پشتراست کردەوە و رایگەیاند، چەکدارەکە 8 فیشەکدان و 240 فیشەکی پێی بووە و لە هێرشەکەدا توانیویەتی تەنیا 11 فیشەک بتەقێنێت.
 
رەهام بەخش حەبیبی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای فارسیش لەبارەی هێڕشەکەوە دەڵێت، چەکدارەکە لە نزیک بنکەیەکی پاسەوانی دەرگایەکی مەزارگەکەوە و لە دەرەوە تەقە لە خەڵک دەکات، بەڵام پێش ئەوەی بتوانێ بگاتە ناو مەزاگەکە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر دەکرێت.
 
پێشتر لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداری هێرشەکە لە میدیاکانی ئێران زانیاری جیاواز بڵاو کرابوو، لە سەرەتای هێرشەکەدا باس لەوە دەکرا کە دوو کەس کوژرابن و لە رووی ژمارەی بریندارانیشەوە لە نێوان 5 کەس تا 8 کەس زانیاری جیاواز هەبوو.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەدوای هێرشەکەوە پەیوەندی بە ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆ و محەممەد هادی ئیمانیە، پارێزگاری فارسەوە کرد و داوای کرد، بەپەلە لەبارەی هێرشەکەی ئەمرۆ لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە بکرێت و ئەو کەسانەی دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە بدۆزرێنەوە و بە تووندی سزا بدرێن.
 
ئیبراهیم رەئیسی هەروەها داوای کردووە، هەموو تواناکان بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوەکەی شاهچراغ بخرێنە گەڕ.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، هێرشەکەی شیراز "کردەوەیەکی تیرۆریستییە." جەختی لەوە کرد کە "دەبێ ئەنجامدەران و پاڵپشتیکارانی هێرشەکە بە تووندی سزا بدرێن".
 
هەروەها ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێرایش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پارێزگاری فارسی راسپارد، لێکۆڵینەوەیەکی "ورد و هەمەلایەنە" لە هێرشەکە بکەن و بە زووترین کات ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە.
 
محەممەد هادی ئیمانیە، پارێزگاری فارس، بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان سەختە و دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە.
 
پارێزگاری فارس دەڵێت، پێنج لە بریندارانی هێرشەکەی ئەمرۆ گوێزراونەوە نەخۆشخانەی نەمازی شاری شیراز و دوو کەس لەوانە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، هەروەها سێ برینداریش گوێزرانەوە نەخۆشخانەی موسلیمین.
 
دوای هێرشەکە، دەرگاکانی مەزارگەکە داخراون و هێزە ئەمنییەکان بە چوار دەوری مەزارگەکەدا بڵاوەیان پێکراوە.
 
مانگی تشرینی یەکەمی 2022 لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر هەمان مەزارگە، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و سەروو 20  کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە