لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران: حکومەت بەشی زۆری پارەی گەنمی جووتیارانی نەداوە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، حکومەت بەشی زۆری پارەی گەنمی جووتیارانی نەداوە، ئەوە لە کاتێکدایە بەشێکیان قەرزداری بانکەکانن. پەرلەمانتارێکی کرماشانیش دەڵێت، تەنیا 10٪ـی پارەی گەنمی جووتیارانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان دراوە.
 
عەلیڕەزا نەزەربەیگی، پەرلەمانتار و گوتەبێژی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-8-2023، وەزارەتی کشتوکاڵی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پێدانی پارەی گەنم بە جووتیاران کەمتەرخەمی دەکات و گوتی، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران کڕدراوە، بەڵام بەشی زۆری پارەکەیان نەدراوە".
 
بەگوتەی عەلیڕەزا بەیگی، حکومەت بەشێک لە گەنمەکەی بە 11 هەزار و 500 تمەن (10 سەنت) لە جووتیاران کڕیوە، ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر بڕیاریدابوو هەر کیلۆیەک بە 15 هەزار تمەن بکڕێت.
 
هاوکات سەییدجەواد حوسێنی کیا، نوێنەری شاری سونقور لە پارێزگای کرماشان، رۆژی هەینی 11-8-2023 گوتی، "تەنیا 10٪ـی پارەی گەنمی جووتیارانی کرماشان دراوە."
 
بەگوتەی حوسێنی کیا، حکومەت پارەی گەنمی ئەو پارێزگایانەی داوە کە زووتر گەنمیان بە حکومەت داوە، بەڵام چونکە پارێزگای کرماشان پارێزگایەکە کە کەشوهەواکەی تا رادەیەک فێنکە و جووتیاران درەنگتر گەنمیان بە حکومەت فرۆشت، "پارەیەکی ئەوتۆ نەمایەوە تاوەکو بە جووتیارانی ئەو پارێزگایە بدرێت."
 
هەندێک لە جووتیاران قەرزداری بانکەکانن؛ زۆر لە جووتیارانیش لە وەرزی چاندن و دروێنەدا تووشی قەرزداری بوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەبێت تۆو بۆ ساڵی داهاتوویان بکڕن؛ بۆیە پێنەدانی پارەی گەنمی جووتیاران، کێشەیان بۆ دروست دەکات. لە پارێزگای ورمێش، لە شارەکانی پیرانشار و نەغەدە چەندین رۆژە جووتیاران گلەیی دەکەن کە چەند رۆژێکە لە نۆرەی رادەستکردنی بەرهەمەکەیان وەستاون و زۆر درەنگ گەنمەکەیان لێوەردەگیرێت.