رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران بابەتێکی لەژێر ناوی (پەیامی من بۆ جیهانی نوێ) بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ستایشی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چین و رووسیا دەکات؛ رەتیشی دەکاتەوە حکومەتەکەی بچێتە ژێر گوشارەکانی ئەمریکا.
مەسعود پزیشکییان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە رۆژنامەی Tehran Timesی ئێراندا بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا باسی لە چەند بابەتێک کردووە.
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران دەڵێت، ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان، لەنێویاندا وڵاتانی دراوسێ، باشتر بکات و ئاماژە بەوەش دەکات، "چاومان لە هاوئاهەنگییە لەگەڵ تورکیا، سعودیە، عومان، عێراق، بەحرێن، قەتەر، کوێت، ئیماراتی عەرەبی و هێزە هەرێمییەکان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان و بەهێزترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان."
لەبارەی سرووشتی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئەگەری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، پزیشکییان دەنووسێت، "دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دان بەو دۆخەدا بنێت کە هەیە و لەوە تێبگات ئێران ناچێتە ژێر باری گوشارەکانەوە. ساڵی 2015 بە نیازپاکییەوە چووینە نێو رێککەوتنی ئەتۆمییەوە و پابەندبوونەکانمان جێبەجێکردن، بەڵام ئەمریکا نایاساییانە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و زیانی سەتان ملیار دۆلاری لە ئابوورییەکەمان دا و مەینەت، مەرگ و وێرانکاریشی رووبەڕووی خەڵکی ئێران کردەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی کۆرۆنادا، ئەوەش لە رێگەی سزا تاکلایەنەکانیەوە."
پزیشکییان ستایشی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا و چین دەکات و دەڵێت، "رووسیا هاوپەیمان و دراوسێیەکی بە بەهای ئێرانە و حکومەتەکەم پابەند دەبێت بە فراوانکردن و بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵی. چین و رووسیا بەردەوام لەکاتی ئاڵنگارییەکان پاڵپشتییان کردووین. ئێمە ئەو دۆستایەتییە بە بەها دادەنێین."
لە کاتێکدا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە جەنگی ئۆکراینادا پاڵپشتی لە رووسیا دەکات و درۆن و کەرەستەی سەربازیی بۆ دابین دەکات، پزیشکییان دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پاڵپشتی لە دەستپێشخەرییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ