کشتوکاڵی ئێران: بەرهەمی برنجمان دەگاتە زیاتر لە 2.5 ملیۆن تۆن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، بەرهەمهێنانی برنج لەو وڵاتە زیادیکردووە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن.
 
چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024) محەممەدعەلی نیکبەخت، وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، بەو پلان و رێکارانەی گیراونەتەبەر، بەرهەمهێنانی برنج لەو وڵاتە زیادیکردووە و بەپێی پێشبینییەکانیان، ئەمساڵ لە رووبەری زیاتر لە 770 هەزار هێکتار برنج دەچێنرێت.
 
محەممەدعەلی نیکبەخت گوتی، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەردەوام رووبەری زەویی چێنراو بە برنج لە ئێران زیادیکردووە، بۆیە بەرهەمی برنج ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بووە، بەشێوەیەک کە سێ ساڵ پێش ئێستا دوو ملیۆن و 100 هەزار تۆن، دوو ساڵ پێش ئێستا دوو ملیۆن و 300 هەزار تۆن و پاریش دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن بەرهەمیان هەبووە.
 
گوتیشی، ئەم ساڵ تائێستا لە رووبەری 300 هەزار هێکتار زەوی برنج چێنراوە و چاندنی شتڵی برنج لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران بەردەوامە.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێران زیاتر لە 70٪ـی بەرهەمی برنج لە پارێزگاکانی گیلان، مازەندەران و گوڵستان لە باکووری ئەو وڵاتە بەرهەم دێت، 30٪ـی دیکەش لە 19 پارێزگای دیکە بەرهەمدێت کە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەخۆدەگرن.
 
لە ئێران ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 200 هەزار تۆن برنج بەکاردەهێنرێت، دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆنی لە نێوخۆ بەرهەم دێت و 700 هەزار تۆنیش هاوردە دەکرێت.