عەلی خامنەیی: پێشکەوتنەکانی وڵات دووژمنی تووڕە کردووە

13-04-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، "ئەوەی دووژمن هەستیار دەکات، ناوی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو ئیرادەی وڵاتێکە بۆئەوەی موسڵمان بێت، سەربەخۆ بێت، خاوەن شوناس بێت و پشت بە کەسانی دیکە نەبەستێت بۆ کەرامەتی خۆی، ئەمەش تووڕەیان دەکات."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی نیسانی 2025 عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە و رۆژێک دوای گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا گوتی، "پێشکەوتنی ئەو وڵاتە نەیارانی ئێرانی تووڕە و بێزار کردووە."
 
خامنەیی رایگەیاند، "دووژمنان ئەو شتانە وەکو هەواڵ و راستی دەخەنەڕوو کە دەیانەوێت بیگەیێنن، دەبێت ئێمە بەرپەرچی ئەو پڕوپاگەندانە بدەینەوە."
 
خامنەیی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە عومان بکات، گوتی، "ئەمڕۆ وڵات لە هەموو روویەکەوە زۆر لە رابردوو پێشکەوتووترە."
 
رۆژی 12-03-2025 رێبەری باڵای ئێران دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و رایگەیاند، "بانگهێشتی ترەمپ سەبارەت بە ئامادەیی ئەمریکا بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ فریودانی رای گشتیی جیهانە."
 
خامنەیی گوتیشی، "ئەمریکا بە نیشاندانی ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن، مەبەستی ئەوەیە ئەو تێڕوانینە دروست بکات کە لەگەڵ دانوستاندن و ئاشتییە، بەڵام تاران ئامادە نییە دانوستاندن بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە