ساڵی 2022 لەسێدارەدان لە ئێران بە رێژەی 75% زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوو رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، لەسێدارەدان لە ئێران لە 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 75% زیادیکردووە، ئامانجیش لەو زیادبوونە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە لەنێو خەڵکدا؛ ئەمەش دوای شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان کە لە ئەیلوولی 2022 دەستیپێکرد و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکەی گرتەوە.
هەریەک لە رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە، لەگەڵ رێکخراوی "بەیەکەوە لە دژی لەسێدارەدان" کە بارەگاکەی لە پاریسە، راپۆرتیان دەربارەی لەسێدارەدان لە ئێران بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، لە 2022دا 582 کەس لەسێدارە دراون، ئەمەش لە ساڵی 2015وە بەرزترین ژمارەیە و 75%یش زیاترە لەو 333 کەسەی لە2021دا لەسێدارە دراون.
لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لە 14ی ئەیلوولی 2022 لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیانپێکرد، بە هەزاران کەسی سڤیل دەستگیر کران و ژمارەیەکی زۆریان بە تۆمەتی پشێوی نانەوە و هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
محەمەد ئەمیری، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای گوشارەکانی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، ئێران بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو خەڵک. دانیشی بەوەدا ناوە "گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران پرۆسەکەیان لە ئێران قورستر کردووە."
راپۆرتی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەڵێت، دوای لەسێدارەدانی چوار کەس لەسەر خۆپێشاندان لە ئەمساڵدا، 100 کەسی دیکە ئێستا لە لیستی ئەوانەن کە لە چاوەڕوانیی لەسێدارەدانن و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
"زیادبوونی لەسێدارەدان"
هەرچەند لە 2017دا لەدوای هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، لەسێدارەدان لەسەر مادەی هۆشبەر کەمیکرد، بەڵام لە راپۆرتە نوێیەکەدا ئاماژە بە زیادکردنێکی گەورە دەکرێت.
زیاتر لە نیوەی ئەوانەی لەدوای دەستپێکی خۆپێشاندانەکان تاوەکو ئەمڕۆ لەسێدارە دراون، هەروەها 44%ی ئەو 582 کەسەی لە 2022دا لەسێدارە دراون، پەیوەندییان بە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە هەیە.
ئەم ژمارەیەش دوو هێندەی ئەوەیە کە لەسەر هەمان تۆمەت لە 2021دا لەسێدارە دراون، هاوکات 10 هێندەی ئەو ژمارەیەشە کە لە 2020دا لەسێدارە دراون.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رەخنە لە ئۆفیسی مادەی هۆشبەر و تاوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها وڵاتانی کۆمەکبەخش دەگرێت گوایە وەکو پێویست کاردانەوەیان بەرامبەر زیادبوونی لەسێدارەدان لە ئێران نەبووە.
بە گوتەی رافایەل چینویل هازان، بەڕێوەبەری رێکخراوی "بەیەکەوە لە دژی لەسێدارەدان"، کاردانەوەی لاوازی رێکخراوی مادەی هۆشبەر و تاوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها وڵاتانی کۆمەکبەخش بۆ ئەو چاکسازیانەی لە 2017دا کران، "ئاماژەیەکی هەڵەی داوەتە بەرپرسانی ئێرانی."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کەمینەکانی بەلووچ 30%ی تەواوی لەسێدارەدانەکان لە سەرتاسەری وڵات پێکدەهێنن، 2% بۆ 6%ش لە دژی خەڵکی ئێران جێبەجێ کراوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ناهاوتایی لە ژمارەی لەسێدارەدان لەنێو پێکهاتەی کورد و عەرەبیش هەبووە کە پەیوەندیی بە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە هەبووە.
زۆرترین لەسێدارەدان لەسەر کوشتن بووە کە ژمارەیان 288 کەس بووە کە دەکاتە 49%ی تەواوی لەسێدارەدانەکان، ئەمەش بەرزترینە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دوو خۆپێشاندەر، لەنێویاندا مەجید رەزا رەهنەوەر لە شوێنی گشتی لەسێدارە دراون، سێ خۆپێشاندەری نەوجەوان و 16 ئافرەتی دیکەش ناویان لەنێو لیستی لەسێدارەدراوەکاندایە.