وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێران هەوڵی رفاندن و کوشتنی دژبەرانی دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەخنە لە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران لە لایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە دەگرێت و دەڵێت، تووندوتیژی بەرامبەر بە پێکهاتە نەتەوەییەکان دەکرێت و مافەکانیان پێشێلدەکرێت.
 
لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە جیهان لە ساڵی 2021، لە بەشی ئێراندا ئاماژە بەوەکراوە، "لەسێدارەدان لەو وڵاتە هەروا زیاتر دەبێت و کەسانێک کە لە منداڵیدا تاوانیان کردووە، لەسێدارە دەدات."
 
هەروەها تێیدا هاتووە: "دەسەڵاتی تاران ماف و ئازادییەکانی خەڵک سنووردار دەکات و دژبەرانی سیاسی و ناڕازییان دەستبەسەر دەکات و بە تۆمەتی ناڕوونی وەکو دژایەتی خوا و هاوکاریکردنی دژبەران دادگایی و سزایان دەدات".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتەکەیدا کە شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، هەروەها دەڵێت: "هێزەکانی ئێران لە وڵاتانی دیکە هەوڵی کوشتن و رفاندنی دژبەرانی سیاسی ئەو وڵاتە دەدەن."
 
تاوەکو ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای نەداوەتەوە.