فریاکەوتنی خێرای ئێران: لە رووداوەکانی چوارشەممە سووریدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە

13-03-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فریاکەوتنی خێرای ئێران دەڵێت، لە رووداوەکانی پەیوەندیدار بە چوارشەممە سووری لەو وڵاتەدا، 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 253 کەسیش بریندار بوون.
 
جەعفەر میعادفەر، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای ئێران رۆژی چوارشەممە 13-3-2024 رایگەیاند، ئەو ژمارەیە لە گیانلەدەستدان و برینداران لە 12 رۆژ رابردوودا تۆمارکراون. 
 
ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵی کوردی و هەتاوی کە بەیانییەکەی دەبێتە چوارشەممە، رێوڕەسمی چوارشەممە سووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت. 
 
ئەو ئێوارەیە خەڵک ئاگر دەکەنەوە، بە سەریدا باز دەدەن و بە دەوریدا هەڵدەپەڕن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لەبەر بەکارهێنانی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان، گیانلەدەستدان و برینداری لێ دەکەوێتەوە.
 
بە گوتەی جەعفەر میعادفەر، 463 کەس لە بریندارەکان لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، دوو هەزار و 680 کەس سەردانی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستیەکانیان کردووە و 110 کەسیش لە شوێنی رووداوەکان چارەسەریان وەرگرتووە.
 
پێنج کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە و 571 کەسیش لەوانەی بریندار بوون لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. 
 
بە پێی راپۆرتی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لوڕستان کەسێک گیانی لەدەستداوە و 26 کەسیش بریندار بوون؛ لە ورمێ چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 295 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
لە پارێزگای کرماشان 101 کەس، لە سنە 139 کەس، لە ئیلامیش 10 کەس لە رووداوەکانی چوارشەممە سوورییدا بریندار بوون.
 
سەعید کەریمی، جێگری وەزیری تەندروستی ئێران دەڵێت، ئەم ساڵ بەراورد بە پار گیانلەدەستدان و بریندارانی رووداوەکانی چوارشەممە سووری بە رێژەی 25٪ زیادیکردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە