بەڤیدیۆ: ئێران هەڵدانی مووشەکی بالیستی لەسەر کەشتی تاقیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، مووشەکێکی دوورمەودای بالیستی لەسەر کەشتییەکی جەنگی بە سەرکەوتوویی تاقیکردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشمەممە، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران و هێزی دەریایی سوپای پاسداران "بە سەرکەوتوویی" مووشەکێکی بالیستی دوورمەودایان تاقیکردەوە.
میدیای ئێران ئەوەشی راگەیاندووە، "بەو داهێنانە نوێیە، توانا و کاریگەری هێزی دەریاییمان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دەمانەوێت".
وەک سوپای پاسداران دەڵێت، ئامانجی مووشەکەکە لە دەشتەکانی نێوەڕاستی ئێران دیاریکرابوو و هاوشێوەی بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دروستکرابوو.
بەگوێرەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەو مووشەکەی تاقیکراوەتەوە لانیکەم هەزار و 700 کیلۆمەتر دەبڕێت.
ئێران بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە نایەوێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت و دەڵێت، مووشەکەکانی تەنیا بۆ بەرگریکردنن.
هەواڵگریی ئەمریکا پێی وایە، ئێران خاوەنی زیاتر لە سێ هەزار مووشەکی بالیستییە و ساڵ دوای ساڵیش ژمارەیان زیاتر دەبێت و پێشکەوتووتریش دەبن.