لە رۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایەک لە قوتابییەک دەدات بەهۆیەوە نزیکەی مانگێکە لە نەخۆشخانەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

قوتابییەکی خەڵکی کۆیەشت ـی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەوەی لەلایەن مامۆستایەکی قوتابخانەیەکەیەوە بە تووندی لێی دەدرێت، نزیکەی مانگێکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران دەمێنێتەوە.
 
سابر نەزەریانی ناوی ئەو منداڵەی رۆژهەڵاتی کوردستانە تەمەنی 13 ساڵە، لەبارەی رووداوەکەوە، باوکی منداڵەکە دەڵێت، دۆخی تەندروستیی کوڕەکەی باش نییە و سکاڵا تۆماردەکات.
 
رەزا عیزەتی، بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای لوڕستان باسی رووداوەکە دەکات و رایگەیاند، مامۆستایەکی قوتابخانەکە نزیکەی 4 هەفتە لەمەوبەر پاڵی بەو منداڵەوە ناوە. هۆکارەکەشی بۆ توڕەبوونی ئەو مامۆستایە گەڕاندەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، "مۆڵەتی مامۆستاکە هەڵوەشاوەتەوە و رێوشوێنە کارگێڕییەکان، بەرامبەری گیراونەتەبەر."
 
پێشتر سزادانی جەستەیی منداڵان لە قوتابخانەکانی ئێراندا زۆر بەربڵاو بوو. بەڵام ساڵی 2000 وەزارەتی پەروەردەی ئێران رێنوێنیی نوێی راگەیاند. بەرپرسێکی وەزارەتەکە گوتی، "لێدان لە قوتابی بە هەموو جۆر و شێوەیەک لە قوتابخانەدا قەدەخەیە."
 
بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی کاروباری قوتابخانەکانی ئێران، هەر جۆرە سووکایەتی، لێدان و سەپاندنی هەر چەشنە ئەرکێکی خوێندن، ئەگەر بۆ سزادان بێت، قەدەخەیە. هەروەها، هەر جۆرە سزایەک بۆ سەر قوتابی، دەبێت یارمەتی بە هۆشیارکردنەوەی بدات، ئابڕووی بپارێزێت، لەگەڵ سەرپێچی قوتابییەکەدا گونجاو بێت و پێویستە دۆخی قوتابییەکەش رەچاو بکرێت.
 
ساڵانی پێشووتر ژمارەیەکی زۆری کەسوکاری قوتابییان سکاڵایان بەهۆی سزادانی منداڵەکانیان تۆمار دەکرد. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پەروەردە، ساڵی 2014 هەزار و 249 سکاڵا تۆمار کرا، بەڵام ساڵی دواتر بۆ 675 سکاڵا کەم بووەوە.
 
لەو کاتەوە هیچ ئامارێک لەبارەی تووندوتیژییەکانی قوتابییان بڵاونەکراوەتەوە، گەرچی هێشتا نموونەگەلێک هەن کە مامۆستاکان لە قوتابییەکانیان دەدەن. لە یەکێک لە دیمەنەکاندا مامۆستایەک کە پرچی قوتابییەکەی بڕیوە، بەمجۆرە داوای لێبوردنی لێ دەکات. دەڵێت، "کوڕینە دەبێت قژتان کورت بکەنەوە، قوتابیی دەبێت پرچی کورت بێت."
 
ئەوجۆرە هەڵسوکەوتانە لەگەڵ قوتابییان جاری وایە کاردانەوەی پێچەوانەی دەبێت، قوتابییان گاڵتە بە مامۆستاکانیان دەکەن و ئازاریان دەدەن.
 
وەزارەتی پەروەردەی ئێران بۆ ئەو مەبەستە مەڵپەڕێکی دروستکردووە بۆ ئەوەی هەر کەس منداڵەکەی لەلایەن مامۆستاکەیەوە لێی درا یان سووکایەتی پێکرا، سکاڵا تۆمار بکات. بەڵام ئەو دیاردەیە هێشتا بە تەواوەتی بنبڕ نەبووە، بەڵکو تەنیا هەندێکیان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشکرا دەبن.