پاسدارانی ئێران: سەرچاوەی هەڕەشەکانی دژی ئاسایشی وڵاتمان لەنێو دەبەین

12-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رایگەیاند، هێشتا ژمارەیەک ئەندامی داعش لە پارێزگای دیالەی عێراق هەن و دەبێ ‌هێزەکانیان ئامادە بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک. جەختیشی لەوە کردەوە کە "لە بەرامبەر هەر هەنگاوێکی دژی ئاسایشی ئێران دەوەستینەوە و لە سەرچاوەکەیەوە لە ناوی دەبەین."
 
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران کە بە مەبەستی چاودێریکردنی مانۆڕی سەربازیی سوپای پاسداران سەردانی ناوچەی قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشانی کردووە، رایگەیاند، مانۆڕەکەی ئەمڕۆ یەکێکە لەو مانۆڕە سەربازییانەی هێزە زەوینیی سوپای پاسداران کە بۆ ئەم ساڵ پلانی بۆ دانرابوو، مانۆرەکە زیاتر لە رەهەندێکی ئەمنییەوە بەڕێوەچوو، لەبەر ئەوەی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەفی سوپای پاسداران لە رۆژئاوای ئێران، "پاراستنی سنوورەکان، دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان و شارەکانی رۆژئاوای وڵاتە."
 
محەممەد پاکپوور گوتی: "پارێزگای دیالەی عێراق هاوسێمانە کە هێشتا ژمارەیەک ئەندامی داعش لەوێن. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەو ئامادەییە پێویستانەمان هەبێت کە ئەگەر جووڵەیەک لەلایەن گرووپە تەکفیرییەکانەوە کرا، یەکینەکانمان لە رۆژئاوای وڵات ئەو ئامادەییەیان تێدا هەبێت کە بتوانن رووبەڕووی هەر هەنگاوێک ببنەوە کە لە دژی ئاسایشی ئێران دەنرێت و هەر لە سەرچاوەکەیەوە لە ناوی ببەن."
 
فەرماندەکەی سوپای پاسداران گوتیشی: "لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەک ئەندامی داعش لە ناوچەی ئەزگەلەی کرماشان دزەیانکردە نێو سنوورەکانمان و لە نێوان ئەوان و هێزەکانی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەف شەڕ دروست بوو و بەهۆی شەڕەکەوە 21 کەس کوژران و دەستگیرکران."
 
بە گوتەی محەممەد پاکپوور، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی مانۆڕەکەی ئەمڕۆ لە قەسری شیرین، ئامادەکردنی ‌‌هێزەکانیانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو گرووپانە.
 
دووشەممە، لە ژێر سەرپەرشتیی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەفی سوپای پاسداران کە بنکەی سەرەکیی لە کرماشانە، ‌‌هێزی زەوینیی سوپای پاسداران لە سنووری قەزای قەسری شیرین و لە نزیک سنووری خانەقینی باشووری کوردستان مانۆڕێکی سەربازیی دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ‌یەکەکانی زرێپۆش، تۆپخانە، تانک، هەلیکۆپتەر، درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سوپای پاسداران لە مانۆڕەکەدا بەشدارن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە