سوپای پاسداران لە سنوورەکانی کرماشان مانۆڕی سەربازی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای پاسدارانی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵانی کوردستان و لە نزیک سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق دەستی بە مانۆڕێکی سەربازی کرد.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، مانۆڕەکە بەیانی دووشەممە، 11-12-2023، لەلایەن ‌‌هێزی زەوینی سوپای پاسدارانەوە دەستیپێکردووە و لە سنووری قەزای قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان و لە نزیک سنووری باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
قەرارگەی نەجەفی ئەشرەفی سوپای پاسداران، کە یەكێکە لە 10 قەرارگەکەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران و بنکەی سەرەکیی لە کرماشانە، سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکە دەکات.
 
لە مانۆڕەکەدا ‌یەکەکانی زرێپۆش، تۆپخانە، تانک، هەلیکۆپتەر، درۆن و سیستمی بەرگری ئاسمانی بەشدارن.
 
جەنەرال محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئامانج لە مانۆڕەکە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن، بەرزکردنەوەی توانای یەکەکانی جەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکان و سیناریۆی ئاڵۆزی ئەمنی و تیرۆریستی، هەروەها ئامادەکردنی هێزەکانە لە بەرامبەر ئەگەری هەڕەشەکانی گرووپەکانی دژی کۆماری ئیسلامی".
 
جەنەرال محەممەدنەزەر عەزیمی، فەرماندەی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەفی سوپای پاسدارانیش رایگەیاندووە، "رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی وڵات، رووبەڕووبوونەوەی تیمە تیرۆریستی و تەکفیرییەکان لە رۆژئاوای ئێران"، لە ئامانجەکانی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکەن.
 
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران هەروەها دەڵێت، "ئەم مانۆڕە سەربازییەکە پەیامێکە بۆ دوژمنانی نەتەوەی گەورەی ئێران و ئەویش بریتییە لەوەی کە رۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە بۆ فیداکاری، خۆڕاگری و رووبەڕووبوونەەوەی هەر مەترسییەک ئامادەن".
 
لە لایەکی دیکەوە، جەنەرال عەلی شادمانی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران رایگەیاند، "ناوچەیەکی سنووری بۆ مانۆڕەکە هەڵبژێردرا، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە کەسانی سەر بە گرووپەکانی دژە شۆڕش و تیرۆریستەکان لەو شوێنانەوە دزە بکەنە نێو سنوورەکانمان، لەبەر ئەوەش دەبێ ئەو شوێنانە بە باشی بناسرێن و ئەو هێزانەی کە لەو جوگرافیایەدان، زیاتر بە ئەرکەکانیان ئاشنا بن".
 
عەلی شادمانی گوتی، "ئێمە لە رۆژئاوای وڵات هەڕەشەی ئەمنیمان لەسەرە، ئەمریکاش داعشی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا هێشتووەتەوە، هاوکات کێشەش بۆ ئاسایشی وڵاتی دۆست و برای ئێمە عێراق دروست دەکات، بە مەزەندەی ئێمە وڵاتەکەمان هێشتا لە ژێر هەڕەشەی ئەم لایەنانەدایە".