وەزارەتی بازرگانیی ئێران هاوردەکردنی کەلوپەلی کۆری لە کۆڵبەران قەدەخە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران هاوردەی کەلوپەلی ناوماڵی دروستکراوی کۆریای باشووری لە سنوورە نافەرمییەکان و کۆڵبەرەکانەوە قەدەخە کرد.
 
سەعید عەباسپوور، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەناردە و هاوردەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی ئێران رایگەیاندووە، کەلوپەلی ناوماڵ بە مارکەی کۆریای باشوور یان دروستکراوی کۆریای باشوور لەلایەن دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، کۆڵبەرەکان و لە رێگا ئاوییەکانیشەوە نابێت هاوردە بکرێت.
 
بەپێی بڕیارێک کە سەعید عەباسپوور بۆ ناوەندی پەرەپێدانی بازرگانیی ئەلکترۆنیی ناردووە، هاوردەی زیاتر لە 32 کەلوپەلی ناوماڵ قەدەخە کراوە.
 
ئەم بڕیارە، دوای بڕیارێکی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران هات، بۆ قەدەخەی هاوردەکردنی کەلوپەلی ناوماڵی کۆری. رێبەری ئێران کۆتایی هاوینی ئەمساڵ لە نامەیەکدا بۆ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، هاوردەی کەلوپەلی ناوماڵی کۆریای باشووری قەدەخە کرد.
 
ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بۆ بلۆککردنی نزیکەی 7 ملیار دۆلار لە پارەی ئێرانە، کە لە بانکەکانی کۆریای باشوورن. حکومەتی کۆریای باشوور دەڵێت: بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانێت ئەو پارەیەی ئێران ئازاد بکات.
 
لە ساڵانی رابردوودا هاوردەی بەشێکی زۆر لە کەلوپەلی ناوماڵی بیانی بۆ ئێران قەدەخە بوو و گومرکی ئێران نەدەبوو رێگە بە هاوردەیان بدات. بەڵام بەهۆی گەندەڵی و قاچاخی سیستماتیک لە دەروازە سنوورییەکان هاوردەیان بەردەوام بوو.
 
عەلی خامنەیی هۆشداری دابوو، هاوردەی کەلوپەلی ناوماڵ، مەترسی مایەپووچبوون لەسەر پیشەسازیی کەلوپەلی ناوماڵی ئێران  دروست دەکات.
 
بۆ بەرەنگاربووەنەوەی گەمارۆکان و بوار رەخساندن بۆ گەشەسەندنی پیشەسازیی ناوخۆیی، رێبەری ئێران بڕیاریداوە هاوردەی ئەو کاڵا و کەلوپەلانە قەدەخە بکرێت، کە لە ناوخۆ بەرهەم دێن.
 
کۆریای باشوور پێشتر یەکێک لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئێران و هاوردەکارێکی گەورەی نەوتی خاوی ئێران بوو. بەڵام ئێستا ئەو بازرگانییە زۆر کەم بووەتەوە. 
 
بەپێی راپۆرتی گومرکی کۆریای باشوور، ساڵی 2018 کۆریای باشوور زیاتر لە 2 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەلی بۆ ئێران هەناردە کردبوو، بەڵام ئەمە لە ساڵی 2020 بۆ 186 ملیۆن دۆلار دابەزی.