قائیمقام و ئەنجوومەنی شاری بیجاڕ رێککەوتن دژایەتی یەکدی نەکەن

13-12-2016
رووداو @Rudawkurdish
سەرۆکی ئەنجوومەنی بیجاڕ: تەنیا داواکاریی ئێمە لە سەرۆکی شارەوانی دابینکردنی مووچەی کرێکارانی شارەوانییە
سەرۆکی ئەنجوومەنی بیجاڕ: تەنیا داواکاریی ئێمە لە سەرۆکی شارەوانی دابینکردنی مووچەی کرێکارانی شارەوانییە
نیشانەکردن بیجاڕ سنە
A+ A-

رووداو - سنە

قائیمقامی شاری بیجاڕ بڕیاری ئەنجوومەنی ئەو شارەی بۆ لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانی هەڵوەشاندەوە و رێگەی نەدا ئەو کەسەی وەک سەرپەرشتی شارەوانی دەستنیشان کرابوو، جێگەی سەرۆکی شارەوانی بگرێتەوە. 

سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت، بەهۆی دابیننەکردنی مووچەی کرێکارانی شارەوانی، بڕیاری لادانی سەرۆکی شارەوانی-یان داوە. 

دوای رەتکردنەوەی بڕیارەکەیان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شار لەگەڵ قائیمقامی بیجاڕ کۆبوونەوە. ئەوان دەڵێن، رێککەوتوون لەجێگەی ناکۆکی، هاوکاری یەکدی بکەن. 

بەگوتەی قائیمقامی بیجاڕ لە یەک ساڵدا ئەنجوومەنی شار سێ جار بڕیاری لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانی داوە. بەڵام قائیمقامی بیجاڕ کۆسپ بووە و رێگەی نەداوە.

بیژەن زندیە، قائیمقامی بیجاڕ پێیوایە، لەسەرکار لادانی سەرۆکی شارەوانی یاسایی نییە. ئەوە هۆکاری ناکۆکی قوڵی نێوان ئەنجوومەنی شار و قائیمقامیش بووە. 

بەپێی یاسا بڕیاری لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانی رەوانەی قائیمقامییەت دەکرێت. قائیمقام بڕیاری ئەنجوومەنی شار لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن دێنێتە گۆڕێ. ئەو کۆمیتەیە دەبێت یاسایی بوون یان یاسایی نەبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی شار پشتڕاست بکاتەوە.

ئەگەر قائیمقام رێگەبدات، سێیەمین سەرپەرشتی شارەوانی و دوای ئەویش چوارەمین سەرۆکی شارەوانی پاڵ بە کورسی شارەوانییەوە دەدات. واتە هەر شەش مانگ جارێک بەرپرسێکی نوێ.

بەگوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان ناکۆکی نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی شار، تاکڕەوی لەنێو ئەنجوومەندا، دەستتێوەردان لە کاروباری شارەوانیدا و، دامەزرانی خەڵک بە راسپاردە لە شارەوانی بە هۆکارەکانی ئەم رەوشەی شارەوانی و ئەنجوومەنی شاری بیجاڕ دەزانن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری بیجار دەڵێت "تەنیا داواکاریی ئێمە لە سەرۆکی شارەوانی دابینکردنی مووچەی کرێکارانی شارەوانییە و پرسیارەکانی دیکە لە پلەکانی خوارەوەتردان".

کرێکارانی شارەوانی بیجاڕ چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەوان ماوەیەک پێش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیشیان بەڕێوەبرد. 

رۆژی یەکشەممە 11-12-2016 ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، بە مەبەستی توانەوەی سەهۆڵی پەیوەندییەکانیان، سەردانی قائیمقامیان کرد. ئەوان داوای لێبوردنیان لە قائیمقامیش کرد. بەڵکوو دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی رەوشی شارەوانی بڕەخسێت.

پێداچوونەوە: حەكیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە