سەرۆککۆماری ئێران: وڵات بە بڕیاری نەرێنی و فیلتەرکردنی ئینتەرنێت بەڕێوەناچێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، خەڵک فیلتەرکردنی ئینتەرنێت رەتدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "بەبێ لەبەرچاوگرتنی رەزامەندیی خەڵک، ناتوانین وڵات بەڕێوەببەین."
مەسعود پزیشكیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی سێشەممە 12ی تشرینی دووەم لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتی وڵاتەکەی رایگەیاند، "بەبێ لەبەرچاوگرتنی خەڵک، ناتوانین وڵات بەڕێوەببەین. ناکرێت بڕیاردان و بەڕێوەبردنی وڵات تەنیا لەسەر بنەمای گریمانەکانی خۆمان بێت؛ هەربۆیە دەبێت رەزامەندیی خەڵک لایەنی سەرەکیی بڕیاردان بێت."
سەرۆککۆماری ئێران دەشڵێت، بڕیاردان لەسەر رەهەندە جیاکاوازەکانی ژیانی خەڵک بە هەنگاوی نەرێنی و کرداری وەکو "نا و نابێت، هەڵەیە و لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا نادروستە. پێویستە بزانین کۆمەڵگە چەندە لەو بڕیارانە رازییە کە بۆ ژیانیان دەدەین. کاتێک بڕیاڕێک دەدەین و کۆمەڵگە لێی رازی نییە، بە دڵنیاییەوە بڕیارەکە دژی خۆمان هەڵدەگەڕێتەوە، ئەوە جگە لەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی وڵات لەنێودەبات."
پزیشکیان تایبەت بە فلتەرکردنی ئینتەرنێت لەو وڵاتە رایگەیاند، "سەرەرای پێویستیی پەرەپێدانی بەڕێوەبردنێکی باش لە جیهانی ئۆنلایندا بەمەبەستی رێگریکردن لە زیانەکانی، پێمان وایە بەردەوامی فیلتەرکردن قبووڵکراو نییە، ئەوەش بەهۆی ئەو ناڕەزاییە زۆرەی لەنێو خەڵکدا هەیە؛ بۆیە بۆ راستکردنەوەی ئەم بابەتە دەبێت هەموو دامودەزگاکانی دەسەڵات زمان و روانینێکی هاوبەشیان هەبێت."
سەرۆککۆماری ئێران، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتی راسپارد بۆ پێکهێنانی گرووپێکی هەڵسەنگاندنی بەپەلە و خستنەڕووی ئەنجامەکانی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتدا بە مەبەستی بڕیاڕدان لەبارەیەوە.