لە ئێران رێگە بە هاوردەکردنی بەنزینی سوپەر دەدرێت و خەڵک ناتوانن بیکڕن
رووداو دیجیتاڵ
دواجار ئێران رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بە ئۆکتانی 95 دەدات، بەنزینێک کە کەسانی ئاسایی ناتوانن بیکڕن.
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران گوتی "هاوردەکردنی بەنزینی سوپەر لەلایەن کەسانی رێگەپێدراو کە مۆڵەتی وەزارەتی نەوتیان هەیە، بە نرخی پشتیوانینەکراو و جیاواز لە رێکارەکانی دابەشکردنی بەنزینی پشتیوانیکراو، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و رێکارەکان، رێگەپێدراوە."
حکومەتی ئێران مانگانە 60 لیتر بەنزین بە نرخی حکومیی 1500 تمەن (دوو سەنت) دەداتە شۆفێران. هەروەها هەر شۆفێرێک دەتوانێت بڕی 100 لیتر بەنزین بە نرخی 3000 تمەن بکڕێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی بەکارهێنانی بەنزین لە ئێران دەڵێ "ئەم ساڵ بەراورد بە 2019، بەڕێژەی 40٪ زیادیکردووە، لەکاتێکدا گەشەی دانیشتووان و داهاتی نیشتیمانی زۆر لەوە کەمترە. خەرجیی بەرهەمهێنانی بەنزین بەبێ هەژمارکردنی نرخی نەوت، کە خەرجییەکانی پاڵاوتنی نەوت، گواستنەوە و وێستگەکان لەخۆدەگرێت، نزیکەی 8,000 تمەنە. ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو بایی 130 تریلیۆن تمەن بەنزین هاوردە دەکرێت."
لە ئێران، رۆژانە لەنێوان 110 تاوەکو 112 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدێت و، بەکارهێنان لە هەندێک رۆژدا دەگاتە 140 ملیۆن لیتر.
بەگوێرەی ئاماری ئێران، لە ساڵی 2015ـدا زیاتر لە 14 ملیۆن و 130 ئۆتۆمبێلی چالاک لە ئێران هەبوون، کە بۆ ساڵی 2024 ئەو 22 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێپەڕاندووە؛ ژمارەیەک کە سەرۆککۆماری ئیران دەڵێت، زۆرە و خەرجی بەرهەمهێنانی بەنزینی زیادکردووە.