لە ئێران فرۆشتنی شیری منداڵان سنووردار دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایدەگەیێنێت، لەمەودوا فرۆشتنی شیری منداڵان لەو وڵاتە سنووردار دەکرێت و تەنیا لە رێگەی کۆدی نیشتمانیی منداڵ، دەرمانخانەکان دەتوان شیرەکەی پێ بفرۆشن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، مەحموود ئالی بوویە، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە خۆراکی و خواردنەوەکانی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند، بە هۆی کەمبوونی شیری منداڵان لە زۆربەی شارەکانی ئێران لە چەند مانگی رابردوودا و پەرەسەندنی بە قاچاخ فرۆشتنی شیرەکان لە بازارەکانی ئەو وڵاتەدا، ئەوان ناچاربوون کە رێگەچارەیەک بۆ کێشەکە بدۆزنەوە، بۆیە رێکخراوەکە بەمەبەستی دابەشکردنی دروستی شیری منداڵان لەسەر ئاستی دەرمانخانەکان، پێشنیازێکی گەڵالە کرد کە دواتر بریاری لەسەر درا و پەسەند کرا.
 
مەحموود ئالی بوویە گوتی، "بە پێی بریارەکە کە لە ئەمرۆ بەدواوە جێبەجێ دەکرێت، شیری منداڵان لە دەرمانخانەکانی ئێران تەنیا لە رێگەی کۆدی نیشتیمانی منداڵانەوە دەفرۆشرێت و ئەو کەسەی بۆ وەرگرتنی شیر سەردانی دەرمانخانە دەکات، دەبێ کۆدی نیشتیمانی و رۆژی لەدایکبوونی منداڵەکە بزانێت."
 
بە گوتەی ئالی بوویە، بەمەبەستی رێگریکردن لە بەقاچاخ فرۆشتنی، پێویستە تەواوی بڕی شیرەکانی منداڵان لە سیستەمێکی تایبەتی ئەلیکترۆنی تۆمار بکرێن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە خۆراکی و خواردنەوەکانی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند، "ئامانجی سەرەکیی ئێمە، دابینکردنی شیری منداڵان لە وڵات، دابەشکردنی ئاسان و خێرا و رێگە گرتن لە بەقاچاخ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانەیە لە بازارەکاندا."
 
لە لایەکی دیکەوە، مەنوچێر دادگەرنەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری بەرهەمە سرووشتی، نەریتی و تەواوکەرەکانی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند، " ئێستا هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی شیری منداڵاندا نییە و بە لەبەرچاوگرتنی دابینکردنی شیرەکە لە رێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و هاوردەکردنەوە، بەم زووانە خواست و خستنەروو لە بازار ئاسایی دەبێت."
 
ئەم سیستەمە پێشتر لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و بە تایبەت شاری زاهیدان تاقیکراوەتەوە و لەو پارێزگایە فرۆشتنی شیری منداڵان تەنیا لە رێگەی کۆدی نیشتیمانییەوە بووە.
 
پێشتر حەیدەر محەمەدی، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاندبوو، لە پرۆژەیاسای بودجەی ئەم ساڵی ئێراندا، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ دابینکردنی شیری منداڵان و دەرمانی نەخۆشییە سەختەکان و پرۆژەی هاوکاری دەرمانیی زۆر کەمکراوەتەوە.