وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا دەکات

12-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
هەولێر دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی گەشتێکی هەرێمیدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، سەردانی عێراق و لوبنان دەکات.
 
بەپێی میدیای ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-10-2023 سەردانی عێراق دەکات و لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
بڕیارە حوسێن ئەمیر عەبدۆڵڵاهیان دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەردانی لوبنانیش بکات و لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، "پەیوەندییە دوولایەنەکان، دۆخی ناوچەکە و بەتایبەت شەڕی حەماس و ئیسرائیل و دۆخی فەلەستین لەدوای ئەو شەڕە" مژاری سەرەکیی سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و لوبنان دەبێت.
 
موجتەبا ئەمانی، باڵێۆزی ئێران لە لوبنان رایگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی ئێستای فەلەستین و ئەو تاوانانەی لە بەرامبەر غەزە دەکرێن، گەشتی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەستپێدەکات و گەشتەکە کۆماری لوبنانیش لەخۆدەگرێت."
 
رۆژی 08-10-2023ش، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دۆخی فەلەستین و شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلیان کرد، کە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جووەکانی نزیک لە کەرتی غەززەوە دەستیپێکردووە.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "5000" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەزە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس روویدا.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، زیاتر لە 1200 کەس لەنێویاندا 155 سەربازی ئەو وڵاتە، لە شەڕەکەدا کوژراون.
 
بەرپرسانی غەززەش دەڵێن زیاتر زیاتر لە 1300 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە کوژراون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت کە زیاتر لە 338 هەزار هاووڵاتی سیڤیلی غەزە لە ئەنجامی بەردەوامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
 
دوای هێرشەکەی حەماس، ئیسرائیل گەماڕۆی تووندی خستووتە سەر کەرتی غەززە و ئاو و کارەبا و سووتەمەنیی لەسەر ئەو ناوچەیە بڕیوە و بە سەختی بۆردوومانی ناوچەکە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە