رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران لە پارێزگای ورمێ کانێکی یۆرانیۆم لێدەدات

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران لە ناوچەیەکی شاخاویی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، کانێکی یۆرانیۆم لێدەدات.
 
ئەو رێکخراوە هیوادارە ناوچەکە ببێتە یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی یورانیۆم؛ مادەیەک کە بۆ پیشەسازیی ئەتۆمیی وەک خوێنە.
 
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران دەڵێ "توانای ئەم کۆمەڵگە پیشەسازییە دەبێتە یەکێک لە جەمسەرەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ ئێمە، بەو مەبەستەی بتوانێت ببێتە پشتیوانێک بۆ پلانی بەرهەمهێنانی 20 هەزار مێگاوات کارەبای بەرهەمهێنراو لە وزەی ئەتۆمی."
 
بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە بەرنامە سەربازی یان مەدەنییە ئەتۆمییەکاندا، یۆرانیۆم مادەی خاوی سەرەکییە و بەشی زۆری لە رێگەی کانەکانەوە بەرهەمدێت.
 
یورانیۆم بەشێوەیەکی سرووشتی لە زۆر ناوچەی جیهاندا هەیە، بەڵام تەنیا بەشێکی کەمی بەشێوەی چڕوپڕ لە کانەکاندا هەیە.
 
بەردی کانزایی یورانیۆم دواتر ورد دەکرێت و لە پرۆسەکەدا دەکرێتە مادەیەکی رەقی زەرد، ئەمەش کێکی زەردی پێدەگوترێ.
 
هەبوونی کانی یۆرانیۆم بە مانای ئەوەیە؛ پیشەسازیی ئەتۆمی بێ پەیوەستبوون بە وڵاتانی دیکە، هەڵدەسوڕێت.
 
بەڵام گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئێران کە بوشێهرە، هێشتا لە رووسیاوە سووتەمەنییەکەی دابین دەکرێت.
 
بەرپرسانی ئێرانی لە ساڵانی رابردوودا ئاماری جیاوازیان لەسەر کانەکانی یورانیۆم بڵاوکردووەتەوە.
 
حوسێن فەقیهیان، جێگری رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران ساڵی 2006 گوتی، لەم وڵاتەدا هەزار و 400 کانی یورانیۆم هەن.رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران ساڵی 2008 رایگەیاندبوو، ژمارەکە 400 کانە، کەچی محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمی، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گوتی، ئێستا هەشت کانی بەرهەمهینانی یورانیۆم چالاکن و تاوەکو نەورۆزی داهاتوو 6 کانی دیکەش بەردەست دەبن.
 
ئێران هەوڵی داوە لە بەرنامەی ئەتۆمییدا سەربەخۆ بێت. محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران باسی ئەوەی کرد "ئێمە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر، تەنانەت پێش شۆڕشیش، یورانیۆممان کڕیبوو، بەڵام رێگەیان نەدا هاوردەی بکەین، تەنانەت پارەکەشی درابوو، چاودێرییان هێندە ورد بوو، ئەمەش بۆ ئەوەی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران گەشە نەکات، لە 20 ساڵی رابردووشدا کە بەردەوام باسی بۆمبی ئەتۆمی دەکەن و سەرەڕای گەمارۆکان تووندەکان، پیشەسازی ئەتۆمی ئێستا دروست بووە."
 
بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، کێشەی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە دروست کردووە. بەجۆرێک کە کاریگەریی لەسەر لایەنی ئابووریش داناوە، بەڵام بەرپرسانی کانی یورانیۆمی شاری خۆی دەڵێن، کانەکە هەلی کار بۆ سەدان کەس دەڕەخسێنێت و دەتوانێت هەنگاوێک بێت بۆ سەربەخۆیی لە بواری ئەتۆمیدا.