نزیکەی 28 هەزار کەس بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسیی پەرلەمانی ئێران ناویان تۆمارکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

دوو رۆژ ماوە بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 28 هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە.
 
رۆژی 1ـی ئاداری 2024 هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت. موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێت، بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسییەکەی پەرلەمان، تاوەکو ئێستا 27 هەزار و 731 کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە رۆژی 7ـی ئاب تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکانی دەستپێکرد و رۆژی 14ـی ئاب دوا وادەی ناو تۆمارکردنە. دوای تۆمارکردنی ناوەکان، دەبێت شوورای چاودێری رەزامەندی لەسەر کەسەکان بدات.
 
گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵیت، تەنیا رۆژی هەینی چوار هەزار و 265 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لە کۆی ئەو 27 هەزار و 731 کەسەش 13٪یان ژن و 73٪ەکەی دیکە پیاون.
 
بەگوێرەی دەستووری ئێران، ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پەرلەمان بەربژێر دەکەن، دەبێت لانیکەم بروانامەی دیبلۆمیان هەبێت و تەمەنیان لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت. وەک موحسین ئیسلامی ئاماژەی پێدەدات، "لەو کەسانەی ناویان تۆمارکردووە، 39٪ـیان تەمەنیان لە نێوان 30 ساڵ و 40 ساڵدایە؛ 36٪یان لە نێوان 40 ساڵ و 50 ساڵن؛ 20٪ـیان لە نێوان 50 ساڵ و 60 ساڵدان و 5٪یشیان تەمەنیان لەنێوان 60 ساڵ و 75 ساڵدایە؛ هاوکات 72٪ـیان بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەریان هەیە؛ 14٪ـیان دکتۆرا و 11٪ـشیان دبلۆم و 3٪یان بڕوانامەی ئایینیان هەیە.
 
لە خولی 11ـەیەمی پەرلەمان کەمترین دەنگدەر بەشدارییانکرد
 
خولی 11یەمی پەرلەمانی ئێران لە 7ـی ئایاری 2020 بە 290 پەرلەمانتار دەستبەکاربوو. ئەو هەڵبژاردنە کەمترین ئاستی بەشداریکردنی دەنگدەرانی لە مێژووی 11 خولی پەرلەمانی ئێراندا تۆمارکرد کە بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران، رێژەی بەشداریکردن 42٪ بوو، ئەوە لەکاتێکدا بوو کە لە هەڵبژاردنی خولی پێشتر رێژەی بەشدارییەکە 62٪ بوو و زیاترین رێژەی بەشداریکردنیش لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی ئێران بوو کە رێژەکە 71.1٪ بوو.
 
باڵی ریفۆرمی ئێران هۆکاری بەشدارینەکردنی خەڵکیان لە هەڵبژاردن، بۆ رەتکردنەوەی هەڕەمەکییانەی ناوی بەربژێرەکان لەلایەن شوورای چاودێرییەوە گەڕاندەوە، لەبەرئەوەی 248 ئەندام پەرلەمانی خولی 10یەمی پەرلەمان خۆیان بەربژێر کردبوو کە لەو ژمارەیە زیاتر لە 80٪یان لەلایەن ئەو شوورایەوە رەتکرانەوە.
 
لە 290 پەرلەمانتاری خولی 11ـەیەمی پەرلەمانی ئێران 238 پەرلەمانتار لە باڵی نەریتخواز، 18 پەرلەمانتار لە باڵی ریفۆرم و 38 پەرلەمانتاریش بەناوی پەرلەمانی سەربەخۆ دەنگیان هێنایەوە و لەلایەن ریفۆرمخوازەکانەوە بە پەرلەمانی باڵی نەریتخواز ناونرا.
 
38 کورسی پەرلەمان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان
 
لە 290 کورسییەکەی پەرلەمانی ئێران 38 کورسی بەر پێنج پارێزگای ورمێ، لوڕستان، کرماشان، سنە و ئیلام دەکەوێت و ئەو ژمارەیەش بەپێی رێژەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایانە دیاریکراوە کە دەکاتە نزیکەی 10٪ـی کورسییەکانی پەرلەمانی ئێران.
 
لەو 38 کورسییەی پەرلەمان کە بەر رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێت، 12 کورسی بۆ پارێزگای ورمی، 9 کورسی بۆ پارێزگای لوڕستان، 8 کورسی بۆ پارێزگای کرماشان، 6 کورسی بۆ پارێزگای سنە و 3 کورسی بۆ پارێزگای ئیلامە.
 
مەرجەکانی بەربژێربوون
 
ئەو کەسانەی لە ئێران خۆیان بۆ پەرلەمان بەربژێر دەکەن، دەبێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و شوورای چاودێرییەوە پەسند بکرێن و حەوت مەرج دیاریکراوە بۆ بەربژێربوونی پەرلەمانی ئێران کە بریتین لە:
 
- بەربژێر لەڕووی بینایی، بیستن و قسەکردنەوە تەندروست بێت.
- دۆسیەی لە دادگە نەبێت و پێشتر سزای یاسایی نەدرابێت.
- ناو و ناوبانگی لەو شوێنەی خۆی لێ بەربژێر کردووە خراپ نەبێت.
- لانیکەم تەمەنی 30 ساڵ بێت.
- لانیکەم بڕوانامەی دبلۆمی هەبێت و "کەسانێکیش کە زیاتر لە پێنج ساڵ پێشینەی کارکردنیان هەبووبێت کە هاوشانی پلەی دبلۆم بێت، بەپێی رێنمایی دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن".
- بڕوا و پابەندبوونی کرداریی بە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوور هەبێت.
- بڕوا و پابەندبوونی کرداریی بە ئیسلام و ویلایەتی فەقی هەبێت.