شوێنەواری ئاناهیتا لە کرماشان پشتگوێخراوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئاناهیتا دەیتوانی شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری بێت، بەڵام تەپۆڵکەیەک خاک و بڵاوبوونەوەی بەردی دیوارەکانی ئەو شوێنەوارە مێژووییەی پارێزگای کرماشان، بۆ گەشتیار سەرنجڕاکێش نییە.
 
مورتەزا گراوەند، بەڕێوەبەری میراتی کولتووریی ئاناهیتای کەنگاوەر دەڵێ: دەیانەوێ زیندووی بکەنەوە. بەگوتەی مورتەزا گراوەند، ئەمساڵ لەبەر نەبوونی بودجە نەیانتوانیوە کنە و پشکنینی تێدا بکەن. ئەو دەڵێت، کۆکردنەوەی بەردەکانی نێو پەرستگەکە پێویستی بە بەرزکەرەوە هەیە، بەڵام ئەویشیان نییە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە نزیکەی 30 هەزار کەس سەردانی ئەو شوێنەوارە مێژووییە دەکەن کە نزیکەی دوو هەزار و 200 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە و ئێستا کەوتووەتە نێوەڕاستی شاری کەنگاوەر.
 
مەهدی قاسمی، رێگەپێشاندەری پەرستگەی ئاناهیتا دەڵێت، "جووتیارەکان بۆ ئەوەی لە وشکەساڵی پارێزراو بن، بۆ ئەم بەرەکەتە ئاسمانییە، پێیان وا بووە خودایەک هەیە و پێشیان دەگوت: ئاناهیتا. ئاناهیتا مانای پاک و بێگەرد دەدات."
 
پەرستگەی ئاناهیتا دەیتوانی وەک تاقەوسان و بێستوون شوێنیکی گەشتیاری گرنگی کرماشان بێت، بەڵام لەم پارێزگایەدا بەگشتی بواری گەشتیاری زۆر پێشنەخراوە. ئێستا بەرپرسانی پارێزگاکە پلانیان هەیە ئەو بوارە پێشبخەن.
 
عەبدولوەحید محەممەدی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری ئاماژە بەوە دەکات، "رۆژێک وەکو رۆژی گەشتیاری بۆ هەر شارێک دیاری دەکەین. لەو رۆژەدا داشکاندنی تایبەت دەکرێت؛ رۆژێک رۆژی قەسری شیرین، رۆژێک کرماشان و شوێنی دیکەش بەو جۆرە. هیوادارین دەرفەتێک هەبێت بۆ ئەوەی شارەکان بناسێنرێن و دەرفەتی گەشتیاریش زیادبێت. لە هەوڵداین کرماشان ببێتە ناوەندی خزمەتگوزاری رۆژئاوای ئێران، گەرچی پێشتر وابووە، بەڵام بەداخەوە لە چەند ساڵی رابردوودا گرنگیمان پێنەداوە."
 
پارێزگای کرماشان شوێنی سەرنجڕاکێشی گەشتیاریی زۆری تێدایە، لە رۆژانی نەورۆزی ئەمساڵدا پارێزگاکەیان بینی، بەڵام بەشی زۆریان ئامانجیان پارێزگای کرماشان نەبوو و تەنیا بەو پارێزگایەدا گوزەریان کرد. هەزاران گەشتیار کە بۆ شوێنێکی سەرنجڕاکێش دەگەڕێن و دەکرێت کرماشان ببێتە ئامانجی زۆر گەشتیار.