بەشێک لە ژنانی ئێران هەڵمەتێک دژی باڵاپۆشی رادەگەیێنن


رووداو - هەولێر

دوای چوار دەیە حکومەتی ئێران هێشتا نەیتوانیوە باڵاپۆشی بەپێی روانگەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات. زیاتر لە 40 ساڵە بە یاسا باڵاپۆشی بەسەر ژنانی ئێراندا سەپێندراوە، بەڵام لەم ساڵانەدا پابەندییەکان بە باڵاپۆشی زۆر کەمبووەتەوە، دەسەڵات ئەمە وەک پیلانێک دەبینێت.
 
موحسین ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دەڵێت: "ئێمە دەبێت زۆر ئاگادار بین، دامودەزگا بەرپرسەکانمان دەبێت ئاگادار بن کەوا کێ لە پشت ئەم رووداوانە دایە، کێ خەریکە پەرە بە بێئابڕوویی دەدات. ئەمە پێویستیی بە کاری هەواڵگریی هەیە، داواکارەکان و هێزی پۆلیس دەبێت هەوڵبدەن ئەو کەس و رەوتانە ئاشکرا بکەن کە دەزگا هەواڵگرییە بێگانەکان رێنوێنییان دەکەن."
 
حکومەت بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی بەسەر ژناندا، بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا چالاکییەکانی چڕتر کردووەتەوە، پۆلیس نزیکەی 15 ساڵە هەوڵدەدات باڵاپۆشی جێی مەبەستی حکومەت بەسەر ژناندا بسەپێنت، بەڵام هێشتا سەرکەوتوو نەبووە. غوڵامحوسێن ئیژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران، داوای لە وەزارەتی ئیتلاعات کردووە، دژی ئەوانە بوەستنەوە کەوا خەڵک بۆ نەپاراستنی باڵاپۆشیی هاندەدەن.
 
دەیان چالاکڤانی ژن لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو سیاسەتەیدا تووشی شکست بووە و خەباتی بەردەوامی ژنان دژی باڵاپۆشی بە ناچاری وەڵامێکی تووندە بۆ ئەو بەرپرسانەی کەوا ئەم چارەنووسەیان بەسەر ژناندا سەپاند.
 
محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری کولتوور و ئیرشادی ئێران گوتی: "ئێمە لەم بوارەدا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین کۆمەڵگە بەسەر دووبەرەدا دابەش بکرێت. هەموو خانمانی ئێرانیی پاک، هونەرمەند و بەشێوەیەکی زۆر تایبەت ئۆگری کولتووری ئێرانی ئیسلامیی خۆیانن". 
 
بەپێی یاسای سزای ئیسلامیی ئێران، هەر ژنێک بەبی باڵاپۆش لە شوێنە گشتییەکان دەرکەوێت، لە 10 رۆژ تاوەکو دوو مانگ سزای زیندانیکردنی هەیە، یان بە پارەی نەخت سزا دەدرێن.
 
حکومەتی ئێران ئەمڕۆی وەک رۆژی باڵاپۆشی و پاکیی ژنان دیاری کردووە و دەڵێت، دەیەوێت کولتووری باڵاپۆشی پەرەپێبدات، بەڵام چالاکڤانانی ژن باڵاپۆشی بە جیاوازیی دانان لە دژی ژنان دەزانن و دەڵێن، ژنانیش دەبێت مافی هەڵبژاردنیان هەبێت.