سوپای پاسداران: لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا لایەنگریی هیچ بەربژێرێک ناکەین

12-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەدا لایەنگری هیچ بەربژێرێک ناکەن، نە لە بەرژەوەندی و نە لە دژی بەربژێرەکان هیچ کارێک ناکەن.
 
چوارشەممە، 12ی حوزەیرانی 2024، رەمەزان شەریف، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، بانگەشەی ژمارەیەک بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران رەتدەکەنەوە کە دەڵێن سەر بە سوپای پاسدارانن، بێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکات و دەڵێت: "لایەنگریی هیچ بەربژێرێک ناکەین".
 
رەمەزان شەریف گوتی: "فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و نوێنەری رێبەر لە سوپای پاسداران چەندینجار رایانگەیاندووە، هەموو ئەوانەی لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە شیاوبوونیان پەسند کراوە، سوپای پاسداران رێزیان لێدەگرێت و نە لە بەرژەوەندییان و نە لە دژیان هیچ کارێک ناکات".
 
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، "لایەنگری هیچ یەکێک لە بەربژێرەکان نین، هەر کەسێک بە دەنگی خەڵک وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، هەر وەک حکومەتەکانی پێشوو، کە لەو رێگەیەدا تاقیکرانەوە و سیاسەتڤانەکانمان و بەڕێوەبەرانی وڵات، هەر حکومەتێک کە هاتبێتە سەر کار و دەنگی خەڵکی لەگەڵ بووبێت، سوپای پاسداران و بەسیج بەمەبەستی هاتنەکایەی ئامانجەکانیان، هاوکار بوون، لەمەوپاشیش بە هەمانشێوە دەبێت و پشت بە خودا ئەو قۆناخەش تێدەپەڕێنین."
 
دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرەکانی لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە 21ی ئایاری 2024، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە بە پێی دەستووری ئەو وڵاتە لە جێگری سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی داد پێکدێت، بڕیاریدا رۆژی 28ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە بکرێت.
 
بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، 80 کەس ناویان تۆمار کردبوو، بەڵام ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور تەنیا شیاوبوونی شەش بەربژێری پەسند کرد، کە پێنجیان سەر بە بەرەی نەریتخوازانن و تەنیا یەکێکیان ریفۆرمخوازە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە