ئێران: گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامن


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامن.
 
رۆژی دووشەممە 12-6-2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بە نێوەندگیری عومان، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامن کە ئامانجی سەرەکی لێیان هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران و ئازادکردنی ئەمریکییە دەستگیرکراوەکانە." 
 
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، وەک کەنعانی دەڵێت، پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکی "جوانی" گەورە بەرپرسانی عومانی کردووە، بەمەبەستی چالاککردنەوەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، ئەو گفتوگۆیانەش بە گوتەی كەنعانی لە مەسقەتی پایتەختی عومان بە نێوەندگیری ئەو وڵاتە دەکرێن و هیچ جۆرە نهێنییەکیش لە کارەکەدا نییە، گفتوگۆکان لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی نامەکانەوە دەکرێت و ئەو کارەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر تاران و واشنتن ئەو هەواڵانەیان رەتکردنەوە، کە گوایە دەستیان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە "زیندووکردنەوە"ی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کردووەتەوە.
 
ساڵی 2018 ئیدارەی ئەو دەمەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ تاکلایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە؛ لە بەرامبەردا ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پوختەکردنی یۆرانیۆم کرد، بەمەش بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی تۆمەتبار کرا.
 
سەبارەت بە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتن، کەنعانی گوتی: "نێوەندگیری عومان، تاوتوێی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانی هەردوولا دەگرێتەوە و ئەوەش بە ئیرادەی لایەنی ئەمریکی بەستراوەتەوە." 
 
سێ هاووڵاتی ئەمریکی لای ئێرانییەکان زیندانین، یەکێكیان سیامەک نەمازی، بازرگانی ئێرانی - ئەمریکییە کە لە ساڵی 2015 بە تۆمەتی سیخوڕی بە 10 ساڵ بەندکردن سزا درا.