هێزی پاسەوانی سنووری ئێران: دەستمان بەسەر هەزاران پارچە چەکدا گرتووە

12-06-2023
فواد حەقیقی
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران دەڵێت، "دوژمنان هەموو هەوڵی خۆیان خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئاسایش لە سنوورەکان نەمێنێت" و، بۆ ئەو مەبەستەش چەک هاوردە دەکەن.
 
ئەحمەدعەلی گودەرزی، فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران، رۆژی یەکشەممە سەردانی پارێزگای ورمێ کرد و گوتی، تەنیا لە یەک هەڵمەتدا لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ، دەستیان بەسەر سێ هەزار و 800 چەکدا گرتووە و "ئەوەش نیشانەیەکی روونە، کە دوژمنان هەوڵدەدەن بۆ نەهێشتنی ئاسایشی ئێران".
 
ئەحمەدعەلی گودەرزی نەیگوت ئەو ژمارە چەکە کەی و لە چ شوێنێکی سنوورەکانی پارێزگای ورمێدا دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
ئەحمەدعەلی گودەرزی هەروەها رایگەیاند، "دوژمنان بە بیانووی جۆراوجۆر چەک بە گرووپە (دژبەرەکان) و دوژمنانی (کۆماری ئیسلامی ئێران) دەدەن... بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئێران رێگەی پیلانگێڕیی دوژمنیان گرتووە".
 
فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هەموو رۆژێک لە سنوورەکاندا دەست بەسەر چەکدا دەگیرێت.
 
ئەم گوتەیە لە کاتێكدایە، رەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ، رۆژی 13.03.2023 گوتی، لە ساڵی رابردووی هەتاویدا دەستیان بەسەر هەزار و 600 چەکدا گرتووە و زیاتر لە 400 کەسیشیان بە تۆمەتی قاچاخی چەک دەستگیرکردووە.
 
شەهریار حەیدەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی 15.01.2023 گوتی، لە 3 مانگی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پاردا، هێندەی دوو ساڵی پێشتر دەست بەسەر چەکدا گیراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە