خامنەیی داوای هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران داوایکرد، ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەردەوام بێت لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ تاران. هۆشداریشی دا دژی هەر "هەراسانکردنێک لەسەر بانگەشەی بێ بنەما" بە وڵاتەکەی بکرێت.
عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ زانایانی ئەتۆمی، شارەزایان و بەرپرسانی وڵاتەکەی، گوتی "هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چوارچێوەی رێوشوێنی گەرەنتییەکان، پێویستە بەردەوامبێت".
لە گوتارەکەی رۆژی یەکشەممەیدا، رێبەری باڵای ئێران گوتی، دەکرێت لە چەند بوارێک بگەنە رێککەوتن، بەڵام جەختیکردەوە کە "ژێرخانی ئێستای پیشەسازیی ئەتۆمی، نابێت دەستی لێ بدرێت".
خامنەیی گوتی، "نابێت رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران خۆی بەدەست گوشاری بانگەشەی بێبنەما و داواکارییە هەراسانکەرەکانەوە بدات"، بێ ئەوەی روونیبکاتەوە مەبەستی لەو داواکاری و بانگەشانە، چییە.
وڵاتانی رۆژئاوا لەمێژە بە چڕی چاودێریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن و گوشاری دەخەنەسەر، لە ئەنجامی ئەوەدا ژمارەیەک سزای قورسیان بەسەر ئابووریی ئێراندا سەپاندووە.
رێککەوتنێکی ئەتۆمی لە ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و ڵاتانی زلهێزی جیهان واژۆکرا بۆ ئەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر تاران هەڵبگیرێن و لەبەرامبەردا ئەویش پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات، بەڵام لە ساڵی 2018، ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنانە لە رێککەوتنەکە کێشایەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لە کاردانەوەی ئەوەدا، تارانیش قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری پابەندبوونی بوو بە رێککەوتنەکە و چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیادکردەوە، لەنێویشیدا بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم.
هەوڵەکانی کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە تاوەکو ئێستا هیچیان لێ شین نەبووە.
لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، دوای چەندین مانگ لە مشتومڕ لەسەر دۆزینەوەی ئاسەواری یۆرانیۆم لە چەند شوێنێک کە پێشتر ئێران ئاشکرای نەکردبوون، ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەرەوپێشچوونیان لەسەر ئەو پرسە بەدەستهێناوە و دۆسیەکەیان داخستووە.
بەڵام ئاژانسەکە کە بەرپرسە لە چاودێریکردنی جموجوڵە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەم مانگانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە.
ئێران بەردەوام رەتیکردووەتەوە نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەبێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی چالاکییەکانی بە تەواوی بۆ مەبەستی سڤیلی وەک دروستکردنی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
خامنەیی رۆژی یەکشەممە دووپاتیکردەوە، ئەوان هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەن و پابەندن بە "بنەما ئیسلامییەکانەوە، ئەگەر نا، نەیاندەتوانی بیوەستێنن، هەروەک چۆن تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە پێشکەوتنە ئەتۆمییەکەمان بوەستێنن".