لە سنە ئاماری جیاواز لەبارەی رێژەی نەخوێندەواری بڵاوکراوەتەوە

رووداو - هەولێر

دامودەزگا حکومییەکان ئاماری دژبەیەک لەبارەی رێژەی نەخوێندەوارانی پارێزگای سنە بڵاودەکەنەوە. لیژنەی هاریکارییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاندووە، ناوی 7 هەزار کەسیان وەک نەخوێندەوار تۆمار کردووە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی پەروەردەی سنە، 805 کەس لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە نەخوێندەوارن. بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سنەش دەڵێت، بەشێک لە خەڵک بەهۆی وەرگرتنی یارانە و هۆکاری دیکە خۆیان بە نەخوێندەوار لەقەڵەمداوە.

37 ساڵ پێش رێکخراوی بنەبڕکردنی نەخوێندەواری بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری پێکهات، بەڵام هێشتا خاڵی کۆتایی لەسەر کێشەی نەخوێندەواری دانەنراوە. رێکخراوێک کە هێشتا ئامارێکی وردی ژمارەی نەخوێندەوارانی نییە. 

کۆمیتەی هاریکارییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاندووە، ناوی 7 هەزار کەسیان وەک خەڵکی نەخوێندەوار تۆمار کردووە، کە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 49 ساڵدایە.

بەڵام پەروەردەی پارێزگای سنە نەخوێندەواری تەنیا 805 کەس پشتڕاستدەکاتەوە. واتە کەمتر لە یەک لەسەر حەوتی ئاماری کۆمیتەی هاریکارییەکان.

جێگری  بەڕێوەبەرایەتی بنبڕکردنی نەخوێندەواری پارێزگای جەخت لەسەر راست و دروستی ئامارەکانی خۆیان دەکاتەوە و دەڵێت، پەروەردە لە ساڵی 1975ەوە بڕوانامەکانی خوێندن و تەنانەت شوێنی خوێندنی خەڵکیشی تۆمار کردووە.

بەپێی راپۆرتی پەروەردە بەشێکی خەڵک لەبەر یارانەکان و یا شتی دیکەش خۆیان بە نەخوێندەوار تۆمار کردووە. بەگوێرەی راپۆرتەكە ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی ناوی خۆیان وەک نەخوێندەوار تۆمار کردووە، دواتر لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆدا بەشدارییان کردووە. 

پارێزگاری سنە دەڵێت، کەسانێک کە لە کۆمیتەی هاریکارییەکان خۆی بە نەخوێندەوار لە قەڵەمداوە، یا ئەوەیە کە خوێندن و نووسینی لەبیرچووەتەوە یا پێیوایە ئەگەر خۆی نەخوێندەوار لە قەڵەم بدات، گرنگی زیاتریان پێدەدرێت.

بەپێی ئاماری فەرمی لە پارێزگای سنەدا 60 هەزار کەس توانای خوێندن و نووسینیان نییە. بەگوتەی رەشید قوربانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای سنە: ساڵی پار ژمارەی نەخوێندەواران 70 هەزار کەس بووە، کە لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا 10 هەزار کەس فێری خوێندەواری کراوە.
بەگوتەی قوربانی، رێژەی نەخوێندەواری لە پارێزگای سنە زیاتر لە ئاستی نێونجی سەرتاسەریی ئێرانە. 

بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری بڕیارە ئەمساڵ 12 ناوەندی تایبەت بکرێنەوە، کە بەشێکیان سەر بە کەرتی تایبەت دەبن. لەو ناوەندانەدا جگەلە فێرکردنی خوێندەواری، وانەکانی مافی هاونیشتمانی بوون و رێگاکانی ژیانێکی باشتریان پێ دەگوترێتەوە.