جەواد زەریف: بە پەرەدانی زیاتری توانا ئەتۆمییەکانمان وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە

12-04-2021
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئیسرائیل لە پشت هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز بووە و گوتی، بە زیاتر پەرەدان بە توانا ئەتۆمییەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان دەدەینەوە.
 
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنێكی تایبەتدا لەگەڵ لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاندووە ئیسرائیل چەندینجار راشکاوانە رایگەیاندووە هەرگیز رێگەنادات سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن و ئێستاش بە کردنەئامانجی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز ئەوان باوەڕیان وایە کە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لەناودەچن و بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون.  
 
لەبارەی پەرەدان بە ئامێرەکانی بنکەکە زەریف گوتی: "دەبێت ئیسرائیل ئەوە بزانێت کە ئێران بە زیاتر پەرەدان بە توانا ئەتۆمییەکانی، وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە".
 
رۆژی یەکشەممە لەکاتی کارپێکردنی چەند سەنتەرفیوجێکی نوێ لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنزی ئێران، کێشە بۆ سیستەمی کارەبایی بنکەکە دروستبوو، ئێران سەرەتا گوتی رووداوێک لە بنکەکە روویداوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتەسەر بنکەکە.
 
نیویۆرک تایمز دەڵێت هێرشەکە زیانی بە سیستەمی ناوخۆیی بنکەکە گەیاندووە، کە وزە دەداتە ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەهۆیەوە لانی کەم پرۆسەی پیتاندنیی یۆرانیۆم 9 مانگ دوادەخات.
 
هەروەها سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: ئیسرائیل چەندین جار هەڕەشەیان کردووە، ئەو ئامێرانە هەموویان جۆری ئای ئاڕ 1 بوون، دەبێت بزانن کە هەموو ئامێرەکان دەگۆڕدرێن، ئامێری پێشکەوتووتر دادەنێن.
 
لەبارەی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی ڤییەننا کە لەنێوان ئێران و وڵاتانی 4+1 بوو، سەعید خەتیبزادە دەڵێت: پێشتریش گوتوومە کە ئەو گفتوگۆیانەی لە ڤییەننا دەکرێن لەبارەی چەکی ئەتۆمی نین، تەنیا باس لە هەڵگرتنی سزاکان دەکرێت.
 
لەلایەکی دیکەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێوارەخوانێک لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی وڵاتەکەی هێرشی کردە سەر ئێران، گوتی، "شەڕی ئێران و گرووپە چەکدارییەکانی سەربە ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئەركێکی گەورەیە".
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە: "زۆر ئەستەمە بتوانین قسە لەسەر ئەو سەرکەوتنانە بکەین کە لە ئیسرائیل بەدەستمان هێناون. جاران هێندە بێ دەسەڵات بووین وێنەی نەبوو؛ ئێستاش بووینەتە زلهێزێکی جیهان."
 
 
رۆژی شەممە 10-04-2021 بە بڕیاری حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران تێستی سێنتریفیوچ لە جۆری IR-9، کە جۆرێکی زۆر پێشکەوتووی سێنتریفیوچە و هەروەها ناوەندی مۆنتاژی نەوەی نوێی سێنتریفیوچ دەستی پێکرد.
 
دوای رۆژێک رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، رووداوێک لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، یەکێک لە بنکە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، روویداوە، بەڵام کوژراو و برینداری لێنەکەوتووەتەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە