ئیبراهیم رەئیسی سەردانی چین دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی سەرۆککۆماری ئێران سەردانی چین بکات و ئامانج لە سەردانەکە بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئابوورییە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 12ـی شوباتی 2023، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی شی جینپینگ، سەرۆکی چین سەردانی پەکین دەکات. 
 
یەکەمجار لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا هەردوو سەرۆکەکە لە لووتکەی شەنگهایدا لە ئۆزبەکستان کۆبوونەوە و لەوێ رەئیسی داوای فراوانکردنی پەیوەندیی دوولایەنەی لە شی کرد. 
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، لە سەردانەکەیدا بۆ چین، رەئیسی کۆبوونەوەیەکی داخراو لەگەڵ شی دەکات و شاندی هەردوو وڵاتەکە "ژمارەیەک بەڵگەنامەی هاوئاهەنگی" واژۆدەکەن. 
 
هاوکات، میدیای فەرمیی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، رەئیسی بەشداری لە کۆبوونەوەی بازرگانە چینییەکان و ئەو ئێرانییانەش دەکات کە لە وڵاتەکە دەژین.
 
ئێران و چین پەیوەندییەکی بەهێزی ئابوورییان هەیە، بەتایبەتیش لە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، کشتوکاڵ، بازرگانی و وەبەرهێنان. 
 
هەردوو وڵاتەکە لە ساڵی 2021دا رێککەوتنێکی 25 ساڵەی "هاوئاهەنگیی ستراتیژی"یان واژۆکرد کە بوارەکانی سیاسی، ستراتیژی و ئابووری لەخۆ دەگرێت. 
 
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران بە ئاماژەدان بە ئاماری فەرمیی 10 مانگی رابردوو دەڵێت، چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە.
 
لە ماوەی ئەو 10 مانگەدا، هەناردەی ئێران بۆ چین 12.6 ملیار دۆلار بووە و هاوردەی ئێرانیش لە چینەوە 12.7 ملیار دۆلار بووە.