ئێران بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم نیگەرانییەکانی ئەمریکا و ئەوروپای زیاد کردووە

13-02-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ئەمریکا پیتاندنی یۆرانیۆم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران 3.6 گرامی لە یۆرانیۆم لە بنکەیەکی ئەتۆمیی ئەسفەهان بەرهەم هێناوە، لە کاتێکدا کە ئەو ماددەیە بە پێکهاتەی سەرەکیی بۆمبی ئەتۆمی دادەنرێت. 
 
ئەگەرچی بە گوێرەی سەرچاوە زانستییەکان دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی بە لای کەمەوە 15 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پێویستە، بەرهەمهێنانی ئەو 3.6 گرامە لە لایەن ئێرانەوە نیگەرانییەکانی ئەمریکا و ئەوروپییەکانی زیاد کردووە بەوەی ئێران تەکنەلۆجیا و توانای ئەوەی هەیە لە کۆتاییدا چەکی ئەتۆمی دروست بکات. 
 
ئەوە لە کاتێدایە کە پێشتر وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران هۆشداریی بە وڵاتانی رۆژئاوا دابوو کە ئەگەر سزاکانیان لەسەر وڵاتەکەی بەردەوام بن، ئەوا پیتاندنی یۆرانیۆم خێراتر دەکەن و هەنگاوی زیاتر لەو بارەوە دەنێن. 
 
مەحمود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند: "پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێمە ئاشتییانەیە. هەروەها لە فەتوایەکدا رێبەری باڵا بە روونی فەرموویەتی کە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێچەوانەی شەریعەتە. بەڵام ئەگەر پشیلەیەک گۆشەگیر بکەی، ئەوا رەنگە پشیلەکە رەفتارێک بکات کە پشیلەیەکی ئازاد نایکات. ئەگەر ئێران بەو ئاراستەیەوە پاڵ بنێن، ئەوا ئەو کاتە هەڵەی ئێران نابێت، بەڵکو هەڵەی ئەوانە دەبێت کە پاڵیان پێوە ناوە."
 
بە گوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، ئێران دەتوانێت یۆرانیۆم بە رێژەی 3.67٪ بپیتێنێت. بەڵام ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێژەکەی بۆ 20٪ زیاد کردووە کە بەو هۆیەوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سزای زیاتری بەسەریدا سەپاند. 
 
ئێستا ئیدارەی جۆ بایدن داوا لە ئێران دەکات بگەڕێتەوە سەر پابەندبوونی تەواوەتی بە رێککەتنەکە بۆ ئەوەی واشتنیش بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە و سزاکانی سەر تاران سووک بکرێن. بەڵام ئێران دەڵێت دەبێت هەنگاوی یەکەم لە لایەن ئەمریکاوە بنرێت. 
 
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "ئەوە ئێمە نەبووین لە رێککەوتنەکە دەرچووین تا ئێستایش هەنگاوی یەکەم بنێین."
 
جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپییش گوتی: "بەشێوەیەکی گشتی، هەڵوێستی جۆ بایدن وەکو خۆی ماوەتەوە. واتە ئەگەر ئێران بە تەواوی پابەندی بەندەکانی رێککەوتنامەکە بێت، ئەوا ئەمریکایش هەمان شت دەکات."
 
هەریەکە لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کە بەشێکن لە رێککەوتنەکە، سەرکۆنەی ئێران دەکەن لە بەرامبەر دروستکردنی ئەو 3.6 گرامەی یۆرانیۆم و داوای لێدەکەن بە تەواوەتی پابەندی رێککەوتنەکە ببێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە