پار لە ئێران زیاتر لە 30 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، پار بەهۆی پیسبوونی هەواوە زیاتر لە 30 هەزار کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس شاهسونی، سەرۆکی بەشی هەوای پاک و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند: "پار 30 هەزار و 692 کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانییەوە گیانیان لە دەستداوە. ئەو ژمارەیە بەراورد بە ساڵی پێشتر 17٪ زیادی کردووە".
 
بەپێی یاسای هەوای پاکی ئێران، وەزارەتی تەندرووستی ئەو وڵاتە، لە 57 شاری ئێران کە ژمارەی دانیشتووانیان 48 ملیۆن کەس زیاترە، بەدواداچوون بۆ ئەو نەخۆشی و مردنانە دەکات کە هۆکارەکەیان بۆ پیسبوونی هەوا دەگەڕێتەوە و بە پشتبەستن بە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونە، لەو شارانەدا 30 هەزار و 692 کەس بە هۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لە دەستداوە.
 
رۆژی 8ی کانوونی دووەمی 2025، کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران رایگەیاند، لە 9 مانگ و 20 رۆژدا هەوای تاران تەنیا پێنج رۆژ پاک بووە.
 
سووتاندنی مازۆت لە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان، ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێلەکان، کواڵیتیی خراپی بەنزین و ئۆتۆمبێلەکان بە هۆکاری سەرەکیی زیاتر پیسبوونی هەوای ئێران دادەنرێن.
 
پێشتر پیسیی هەوا زیاتر لە شارە گەورەکان دەبیندرا، بەڵام ئێستا شارە بچووک و بەشێک لە گوندەکانیشی گرتووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە