لە دەرمانگەیەکی بانە تووشبووانی شێرپەنجە بێ بەرامبەر چارەسەر وەردەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

تووشبووانی نەخۆشیی تایبەت و شێرپەنجە لە دەرمانگەیەکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ بەرامبەر چارەسەر دەکرێن. بۆ ئەو نەخۆشانەی توانای ماددییان لاوازە، بوونی ئەو جۆرە شوێنانە هاوکارییەکی گەورەیە.
 
ئەنجوومەنی شیفا ئەو دەرمانگەیە بەڕێوەدەبات، ئەنجوومەنەکە بۆ پشتگیری لە نەخۆشییە تایبەتییەکان لە ساڵی 2006 دامەزراوە، پردی نێوان خێرخواز و ئەو نەخۆشانەیە کە نەخۆشیی تالاسیمیا، هیمۆفیلی و گورچیلەیان هەیە یان تووشبووی شێرپەنجەن.
 
لە زۆربەی نەخۆشخانە گشتییەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشییە تایبەتەکان هەیە، بەڵام پێداویستی و پزیشکی پسپۆڕی پێویستیان نییە. نەخۆشەکان ناچار دەبن بچنە ناوەندی پارێزگاکان یان پایتەختی ئێران. ئەوەش بارگرانیی زیاتری ماددییان دەخاتەسەر. ئەنجوومەنی شیفا دەیەوێت بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەک، ئەو کێشەیە لە کۆڵ خەڵکی بانە و شارەکانی دەوروبەری بکاتەوە.
 
زەوی نەخۆشخانەکە لەلایەن خێرخوازێکەوە دابینکراوە و پلان دانراوە نەخۆشخانەیەکی پێنج نهۆمیی گەورە و پێشکەوتووی لەسەر دروستبکرێت. ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەڵێن، بێ هاوکاریی خەڵک ناتوانن پلانەکەیان بە تەواوی جێبەجێ بکەن.
 
سەرکەوتنی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی نەخۆشییە تایبەتییەکان لەلایەن خۆبەخش و خێرخوازانی بانە، تەنیا بۆ نەخۆشانی ئەو شارە نابێت، نەخۆشیی شارەکانی دیکەشی لێ چارەسەر دەکرێن. هانی خۆبەخش و خێرخوازانی شارەکانی دیکەش دەدات، گۆشەیەک لە کێشەی ئەو نەخۆشانە کەمبکەنەوە.