لە سنە شەش کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و 44ـی دیکەش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگەی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 44ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای سنە رایگەیاند، کاژێر 05:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی بیجار و دیواندەرە روویداوە.
حوسێن جەعفەری گوتی: "لە رووداوەکەدا چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە تەندروستی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە."
دوای ئەوەی لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە، تیمەکانی فریاکەوتن بە 10 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری چوونەتە شوێنی رووداوەکە، هەروەها تیمەکانی مانگی سووریش بە سێ ئامبولانس گەیشتنە ناوچەکە."
ئەو بەرپرسەی فریاکەوتنی پارێزگاکە دەڵێت: "بریندارەکان دوای ئەوەی فریاگوازیی سەرەتاییان بۆ کرا، گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەرمی ئەو کەسانەش کە گیانیان لە دەستداوە گوازراوەتەوە بۆ دادپزیشکی."
حوسێن جەعفەری رایگەیاند، لە رووداوێکی دیکەدا لەسەر رێگەی نێوان قوروە و دێوڵان لە پارێزگای سنە، مینی پاسێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 19ـی دیکەش بریندار بوون.
چەندین تیمی فریاکەوتن لەگەڵ حەوت ئامبولانس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، دوای فریاگوزاریی سەرەتایی، 16 لە بریندارانی رووداوەکە بۆ نەخۆشخانەی شاری قوروە و سێ برینداری دیکەش بۆ نەخۆشخانەی دێوڵان گوێزرانەوە.
تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوەکان دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 21-11-2024، لانیکەم 35 کەس لە سنووری پارێزگاکە، بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.