خامنەیی: رووداوەکانی سووریا دەرئەنجامی نەخشەیەکی هاوبەشی ئەمریکی-زایۆنییە

دوێنێ کاژێر 11:52
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێبەری ئێران لە یەکەم گوتاریدا دوای رووداوەکانی سووریا رایگەیاند، لە رووداوەکانی سووریا، نەخشەکێشی سەرەکی و ژووری بڕیار لە ئەمریکا و رژێمی زایۆنییە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11.12.2024، عەلی خامنەیی لە گوتارێکیدا لەبارەی رووداوەکانی ئەمدواییەی سووریا رایگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی پیلانەکە و نەخشەکێشی سەرەکی و ژووری بڕیار لە ئەمریکا و رژێمی زایۆنییە. چەندین ئاماژەمان هەن و ئەو ئاماژانە هیچ گومانێک بۆ مرۆڤ ناهێڵێتەوە".
 
عەلی خامنەیی هەروەها پەنجەی تۆمەتی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ تورکیا درێژکرد و گوتی: "نابێ دوودڵ بین لەوەی کە ئەوەی لە سووریا روویداوە، دەرەنجامی نەخشەیەکی هاوبەشی ئەمریکی-زایۆنییە. راستە دەوڵەتێکی دراوسێی سووریا رۆڵێکی ئاشکرای لەم بوارەدا گێڕاوە و ئێستاش ئەو رۆڵە دەگێڕێت، هەمووان ئەمە دەبینن. بەڵام هۆکاری سەرەکیی پیلانەکە و نەخشەکێشی سەرەکی و ژووری سەرەکیی بڕیار لە ئەمریکا و رژێمی زایۆنییە. بۆ ئەمانەش نیشانە و ئاماژەمان هەن و ئەو نیشانە و ئاماژانە هیچ ئاماژەیەک بۆ دوودڵی و گومان ناهێڵنەوە".
 
خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا باسی میحوەری مقاوەمەی کرد و گوتی: "من پێتان دەڵێم کە پشتیوان بە خوا بڵاوبوونەوەی مقاوەمە زیاتر لە جاران هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە. مقاوەمە ئەوەیە، بەرەی مقاوەمە ئەوەیە، هەرچی گوشاری لەسەر زیاتر بکەن ئەو بەهێزتر دەبێت، هەرچی تاوان بکەن ئەو زیاتر هان دەدرێت. هەرچی لەگەڵیدا شەڕ بکەن، فراوانتر دەبێت و من پێتان دەڵێم بە پشتیوانیی خوا فراوانیی مقاوەمە زیاتر لە جاران هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە".
 
رێبەری ئێران باسی ئەو شرۆڤەکارانەی کرد کە دەڵێن میحوەری مقاوەمەی ئێران سست و لاواز بووە و گوتی: "ئەو شرۆڤەکارە نەزانەی مانای مقاوەمە نازانێت، پێیوایە مقاوەمە لاواز بوو و ئێرانی ئیسلامییش لاواز دەبێت، من دەڵێم بە پشتیوانیی خوا ئێران بەهێزە و بەهێزتریش دەبێت".
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 8-12-2024 هێزەکانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە دیمەشق و دوای 24 ساڵ دەسەڵاتی ئەسەد و 53 ساڵ دەسەڵاتی بنەماڵەکەی لە سووریا کۆتاییهات.
 
هەمان رۆژ، مەسعود پزیشکیان لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی کۆبووەوە و باسی دۆخی سووریای کرد و جەختی لە پێویستیی پاراستنی یەکگرتوویی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و روونیکردووە کە "پێویستە گەلی سووریا خۆی بڕیار لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە و سیستمی سیاسی و حکومەتەکەی بدات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە