رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی، کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی لە دروستکردنی درۆنی ئێرانییدا رۆڵیان هەبووە و ئەو درۆنانەش لە لایەن رووسیاوە لە جەنگی دژی ئۆکراینادا بەکارهێندراون.
رۆژی دووشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر 11 کەسایەتی، کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند بە تۆمەتی ئەوەی رۆڵیان لە دروستکردنی درۆندا هەبووە و ژمارەیەک لەو درۆنانەش لە لایەن سوپای رووسیاوە لە جەنگەکەیدا بەرامبەر ئۆکراینا بەکارهێندراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئەوانەی سزادراون بریتین لە شەش کەسایەتی و پێنج کۆمپانیا و دامەزراوە، لەوانەش کۆمپانیای سەنعەت ئەسمەری، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و جێگرەکەی؛ هەروەها سەرۆکی گرووپی زانایانی کۆمپانیاکە؛ کۆمپانیای بەهرستانی کیش کە کارەکەی دروستکردنی پارچەی درۆنە؛ سەعد شەریف کە بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکەیە لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە.
هەر لەنێو لیستی سزادراوەکاندا کۆمپانیای سەرمەد ئەلیکترۆنیی سپاهان هەیە کە تایبەتە بە خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەوانی؛ هەروەها کۆمپانیای سیڤان کە هاوکاری فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران دەکات لە دروستکردنی درۆنەکانییدا.
ئەنجوومەنی ئەوروپا دەڵێت، سزاکانی سەر ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانە بریتی دەبێت لە سڕکردنی سامانی سزادران لەنێو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و قەدەخەکردنی گەشتکردنیان بۆ ئەوروپا.
لە 12ی کانوونی یەکەمی 2022یشدا ئەنجوومەنی ئەوروپا سەرکۆنەی هەموو هاوکارییەکی سەربازی ئێرانی بۆ رووسیا کرد، بەتایبەتی دابینکردنی درۆن بۆ هێرشەکانی رووسیا لە دژی ئۆکراینا.
بەرپرسانی ئۆکراینا، ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەڵێن، ئێران لە جەنگی ئۆکراینادا بە پێدانی درۆن بە رووسیا هاوکاری مۆسکۆ دەکات.
تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، بەرپرسانی رووسیا داوای زیاتر لە دوو هەزار و 400 درۆنی ئێرانییان کردووە کە زۆربەیان لە جۆری شاهید - 136 و 131 و موهاجیر -6ن. ئایاری ئەم ساڵ، دەزگەی هەواڵگریی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار درۆنیان گەیشتوونەتە دەست رووسیییەکان.
25ی تەممووزی ئەمساڵ، بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاند، ئێران هاوکاری رووسیا دەکات لە دروستکردنی کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی درۆن و ئامانجیش لەو کارەی ئەوەیە تا هاوینی ساڵی 2025، شەش هەزار درۆن دروست بکات.
بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەو تۆمەتانە رەت دەکەنەوە و دەڵێن، تەنیا پێش دەستپێکردنی جەنگەکە هەندێک درۆنیان بە رووسیا فرۆشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ