ئێران
محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی هاوبەشی عەرەبی-ئیسلامی لە ریازی سعودیە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئیدارەی ئێستای ئەمریکای بە 'پاڵپشتیکاری سەرەکی رژێمی زایۆنی' ناوبرد و گوتیشی، جیهان چاوەڕێی ئیدارەی داهاتووی ترەمپە بۆ ئەوەی جەنگی غەززە و لوبنان بوەستێنێت.
رۆژی دووشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2024، محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی هاوبەشی عەرەبی-ئیسلامی لە ریازی سعودیە گوتی: "حکومەتی ئەمریکا پاڵپشتیکاری سەرەکی کارەکانی رژێمی زایۆنییە".
جێگری سەرۆککۆماری گوتیشی: "جیهان چاوەڕێی بەڵێنەکانی حکومەتە نوێیەکانی ئەو وڵاتەیە [ئەمریکایە] بۆ ئەوەی دەستبەجێ جەنگی دژ بە خەڵكی بێتاوانی غەززە و لوبنان بوەستێنێت".
لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل چەندین سەرکردەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی کوشتووە.
محەممەدڕەزا عارف لەبارەی بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس و حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە گوتی: "کوشتنی ئامانجدار، جگە لە بێ یاسایی و تیرۆری رێکخراوەیی هیچی دیکە نییە".
هەرچەندە ترەمپ بەڵێنیداوە کە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیبهێنێت، بەڵام لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن رەخنەی ئەوەی لە بایدن گرت کە لایەنگیری فەلەستینییەکان دەکات و گوتی: "رێگە نادات ئیسرائیل لە جەنگی دژی حەماس کارەکەی تەواو بکات."
هەروەها ترەمپ لە 15ـی ئابی ئەم ساڵ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ویلایەتی نیوجێرسی باسی لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی، "ئەو [نەتەنیاهوو] دەزانێت چی دەکات، هانم دا کۆتایی بەمە [جەنگەکە] بهێنێت. دەبێت زوو کۆتایی بەو جەنگە بێت. سەرکەوتن بەدەستبهێنەوە و کۆتایی پێبێنە. ئەو کوشتارە دەبێت بوەستێت."
رۆژی 05-11-2024 لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا دۆناڵد ترەمپی کۆماری توانی بە جیاوازییەکی زۆر سەرکەوتن بەسەر کامالا هاریسی دیموکراتدا بەدەست بهێنێت و ببێتە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا. بڕیارە رۆژی 20-01-2025 ترەمپ سوێندی یاسایی بخوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ