رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندیی نێوان وڵاتەکەی و عێراق بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت، "ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە. پەیوەندییەکانمان ستراتیژی و نایابن."
ئەمڕۆ دووشەممە 11-11-2024 وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تاران بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بەشداری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ تاران بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان ئاماژەی بە پەیوەندیی زۆر باشی نێوان تاران و بەغدا کرد و جەختی لە گرنگیی هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات کردەوە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات گوتی، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق ستراتیژی و نایابن. ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی خۆمان دەزانین."
19ی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان بۆ هاوئاهەنگی لە پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوانیان واژۆ کرد. عێراقچی باسی لەوە کرد، "هیوادارین بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوانمان، ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران بە تەواوی دابین بکرێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە سەردانەکەی مانگی ئەیلوولی مەسعود پزیشکیان بۆ بەغدا و هەولێر کرد و گوتی، "سەرۆککۆمار بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوانمان و پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا دەکات."
هاوکات لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاڵۆزییەکانی غەززە و لوبنان و دۆخی ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ کرا.
دوێنێ یەکشەممە، 10ى تشرینى دووەم، شاندێکى باڵاى ئەمنیى عێراق بە سەرۆکایەتىی قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بەشداریى رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان گەیشتە تارانى پایتەخى کۆمارى ئیسلامیى ئێران.
قاسم ئەعرەجى لە تۆڕى ئێکس بڵاویکردەوە، سەردانەکەیان بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و تاوتوێى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ