بەهۆی تەقینەوەی گازی ماڵان لە پارێزگای خوزستانی ئێران 7 کەسی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا


هەولێر دیجیتاڵ

لە رووداوێکی تەقینەوەی گازی ماڵاندا لە پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێران، 7 کەسی ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2023، عارف شەرهانی، گوتەبێژی ناوەندی فریاکەوتنی 115ـی خوزستان رایگەیاند، رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 07:05 لە گوندی گوڵبەهاری سەر بە قەزای سوسەنگردی ئەو پارێزگایە و بەهۆی تەقینەوەی گاز لە ماڵی هاووڵاتییەک روویداوە و لە ئەنجامدا ماڵەکە بە تەواوی وێران بووە.
 
عارف شەرهانی گوتی، دوای ئاگادارکردنەوەیان دوو ئامبۆلانس و چەند تیمێکی فریاکەوتنیان ناردووە بۆ شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەبارەی قەبارەی زیانەکان و دەرهێنانی تەرمەکان و بریندارانی رووداوەکە کردووە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی ناوەندی فریاکەوتنی 115ـی خوزستان، تاوەکو ئێستا تەرمی 7 کەسیان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکە دەرهێناوە.
 
عارف شەرهانی جەختی لەوەش کردەوە کە تیمەکانیان هێشتا لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەدا بەدوای تەرم و برینداردا دەگەڕێن و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان هەیە.